2022-01-18   620     
دوای زنجیره لافاوهكانی شاری ههولێر، سەرۆکی شارەوانی ناحییهكانی دارەتوو قوشتەپەو کەسنەزان لهكارهكانیان دور خرانهوه. جێگری پارێزگاری هەولێریش دهڵێت، بڕیاره لەداهاتوشدا گۆڕانکاریی لەچەندین سەرۆکو بەڕێوەبەری شارەوانی شارهكهدا بکرێت، بەشێکیان بەلابردنو بەشێکیشیان بەئاڵوگۆڕپێکردنیان دەبێت.
ئاوێنه: هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێرو سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەو دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبونی لافاو لەهەولێر بهمیدیاكانی پارتی ڕاگهیاندووه، "رۆژی چوارشەممە لیژنەکەمان کۆدەبێتەوە بۆ گرتنەبەری میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو راپۆرتەی لەبارەی هۆکاری لافاوەکان لەهەولێرو دەستنیشانکردنی ئەو لایەن و کەسانەی کەمتەرخەمییان هەبووە کە پێشتر لەلایەن لیژنەکەوە درابووە جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەویش راسپاردەکانی خۆی لەسەر راپۆرتەکە بۆ ناردینەوە و چوارشەممە لەسەر ئەوە کۆدەبینەوە".
وتیشی، "ژمارەیەک سەرۆکی شارەوانیی دەوروبەری هەولێر گۆڕدراون، لەوانە سەرۆکی شارەوانییەکانی قوشتەپە و کەسنەزان و بەرپرسی خزمەتگوزارییەکان لە شارەوانیی دارەتوو کە ئەمەیان بە سزا بووە، هەروەها لە ماوەی داهاتوودا گۆڕانکاریی زۆر لە چەندین سەرۆک و بەڕێوەبەری شارەوانی دەکرێت، بەشێکیان بەلابردن و بەشێکیشیان بە ئاڵوگۆڕپێکردنیان دەبێت".
بهوتهی ئهو، "بەشێک لە گۆڕانکارییەکان دەمێکە دەبوو بکرێن و بڕیاریان هەبووە، بەڵام ئیدی جێبەجێدەکرێن".
هێمن قادر رونیکردەوە، ئەو گۆڕانکارییانەی دەکرێن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرش دەگرێتەوە کە لە یەکەمیاندا 60 شارەوانی هەن و لە دووەمیشیاندا شارەوانییەکانی ناو شاری هەولێرە کە 6 شارەوانییە، "بەڵام هەموویان ناگۆڕدرێن، بەڵکو بەشێکیان گۆڕانکارییان لێ دەکرێت و لەسەر کار لادەبرێن".
لهماوهی سێ مانگی ڕابردودا دو ڕوداوی لافاو لهسنوری پارێزگای ههولێر دروستبو، بهو هۆیهوه 12 كهس گیانیان لهدهستداو زیانێكی مادی زۆریشی بهدوای خۆیدا هێنا.
دواترو لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا لیژنەیەکی 11 کەسی بۆ لێکۆڵینەوەو دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبونی لافاو لەهەولێر پێکبهێنرێت.