به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی سلێمانی رایگەیاند، كاریگه‌ری ئه‌و شه‌پۆلی بەفرەی ناوچەكەی گرتۆتەوە تاوه‌كو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە به‌رده‌وامی ده‌بێت و له‌شه‌ودا لاواز ده‌بێت و له‌دره‌نگانی شه‌ودا كۆتایی پێدێت و سبەینێش پلەكانی گەرما بەنزمی دەمێننەوە. داواش له‌هاوڵاتیان ده‌كات له‌كاتی كاری زۆر پێویستدا نه‌بێت هاتوچۆ نه‌كه‌ن و پێویسته شۆفێرانیش پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ بن، چونکە شەختە دروست دەبێت.
ئاوێنە: ئاسۆ كه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پێشبینیده‌كرێت كاریگه‌ریی ئه‌م شه‌پۆلی به‌فر بارینه به‌رده‌وامی هه‌بێت و كه‌شوهه‌وا ناجێگیر ده‌بێت و ئاسمان له‌نێوان هه‌ور‌و به‌فر بارین ده‌بێت."
ئاماژەی بەوەشکردوە، "كاریگه‌ری ئه‌و شه‌پۆله تاوه‌كو ئێواره به‌رده‌وامی ده‌بێت، له‌شه‌ودا لاواز ده‌بێت و له‌دره‌نگانی شه‌ودا كۆتایی پێدێت، هاوكات ئاستی بینین كه‌مه به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌وه، جوڵه و ئاراسته‌ی با مامناوه‌ند ده‌بێت، هه‌ندێك جاریش چالاك ده‌بێت، به‌ئاراسته‌ی باشوری ڕۆژهه‌ڵات بۆ باشور وه پله‌كانی گه‌رما نزمه و له‌شه‌ودا زیاتر نزم ده‌بێته‌وه."
ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە
سه‌باره‌ت به‌كه‌شوهه‌وای سبه‌ینێ هه‌ینی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی سلێمانی ئه‌وه‌ی خستوەتەڕو، "كه‌شوهه‌وا بۆ سبه‌ینێ ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه هه‌ور ده‌بێت و جوڵه و ئاراسته‌ی با مامناوه‌ند ده‌بێت به‌ئاراسته‌ی باكوری ڕۆژهه‌ڵات بۆ باكور، پله‌كانی گه‌رما به‌نزمی ده‌مێنێته‌وه‌و له ناوه‌ڕاستی هه‌فتەی داهاتوه‌وه پله‌كانی گه‌رما به‌رزبونه‌وه به‌خۆوه ده‌بینن، به‌ڵام له‌شه‌واندا پله‌كانی گه‌رما به‌نزمی ده‌مێنێته‌وه."
ئاسۆ كه‌مال ئه‌وه‌شی ڕاگەیاندوە، " نزمترین پله‌ی گه‌رما كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له‌پارێزگای سلێمانی تۆماركراوه، (3-) سێ پله له‌ژێر سفری سه‌دی بوه، له‌ماوه‌ی (24) كاتژمێری ڕابردوشدا له‌سه‌نته‌ری شاری سلێمانی ( 13) سم به‌فر باریوه، به‌جیاوازی شوێنه‌كان كه هه‌ندێك شوێن زیاتر به‌فر باریوه، هاوكات (8,3) ملم باران باریوه و به‌وه‌ش ڕێژه‌ی باران بارین له‌سنوری پارێزگای سلێمانی، تاوه‌كو ئێستا گه‌یشتوه‌ته (236) ملم باران."