ئەلمۆنیتۆر باس لەفشاری ئەمریكا بۆ كردنەوەی دەروازەی سێمالكا بەڕوی رۆژئاوای كوردستاندا دەكات
  2022-01-22       681       

پێگەی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی لەراپۆرتێكدا ئاماژەی بەفشارەكانی ئەمریكا كردوە بۆ كردنەوەی دەروازەی سێمالكا بەڕوی رۆژئاوای كوردستاندا ئەوەش دوای مانگێك لە داخستنی دەروازەكە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئەلمۆنیتۆر، لەو ماوەیەدا بۆ كردنەوەی دەروازەكە، چه‌ندینجار پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان مەسرور بارزانی و برێت مەكگۆرك، رێكخەری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا رویداوە، هه‌روه‌ها زیاد له‌جارێك كۆبونەوە كراوە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات.

پێگەكە ئاماژەی بەوەداوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدو مەرج بڕیاریداوە دەروازەكە مانگی دو جار بكاتەوە، ئەوانیش گەڕانەوەی ئەو كوردانەی رۆژئاوایە كە لە دژی هەرێمی كوردستان خێمەیان هەڵداوە، لەگەڵ رێگەدانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بە كاركردنی رێكخراوە خێرخوازییەكان بەتایبەتیش رێگەبدەن رێكخراوی خێرخوازی بارزانی لە رۆژئاوای كوردستان كاربكات.

بەگوێرەی ئەلمۆنتیۆر رێكخراوی بارزانی لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بە "جاسوسیكردن" بۆ توركیا تۆمەتبارە، بۆیە مەزڵوم كۆبانی نەیتوانیوە بەرپرسانی پەكەكە رازی بكات بە كاركردنی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی لە رۆژئاوای كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×