چوارچێوەی هەماهەنگیی بەنیازە لەناو پەڕلەمانەوە کار بۆ گۆڕینی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکەن
  2022-01-23       765       

چوارچێوەی هەماهەنگیی" کە لەلایەنە سیاسیە شیعییەکانی نزیک لە ئێران پێکهاتووە، رایدەگەیەنن کە نیازیان هەیە لەچەند رۆژی داهاتوو لەناو پەڕلەمانەوە کار بۆ گۆڕینی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردنەکان  بکەن.

عەلی فەتلاوی یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی لەڕێگای پەڕلەمانەوە کار لەسەر گۆڕینی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن، لەبەرئەوەی شێوازی کارکردنی کۆمسیۆنەکە گومانی درووستکردووە و هۆکاری سەرەکیی بووە لە درووستکردنی ئەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا عێراق پێیدا دەگوزەرێت".

فەتلاوی ئاماژەى بەوەشکردوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی هەروەک کار لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانیش دەکات کە لە خولی رابردووی پەڕلەماندا چەند لایەنێکی سیاسیی بەپێی بەرژەوەندییە کەسیی و حیزبییەکانیان دایانڕشتووە.

ڕوونیشی کردۆتەوە کە ئەو جوڵەیە لەچەند رۆژی داهاتووەوە دەستپێدەکات و جگە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی، چەندین هێز و لایەنی سیاسیی تریش پشتیوانیی دەکەن.

دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هێز و لایەنە سیاسییە سەرنەکەوتووەکانی هەڵبژاردن، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان بە یاریکردن و دەستکاریکردنی ئەنجامەکان تۆمەتبار کرد و بەشێکیشیان یاسای هەڵبژاردنەکانیان بە هۆکارێکی سەرەکیی بۆ سەرنەکەوتنیان گێرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×