ئارێز عەبدوڵڵا بۆ پارتی: ئێمە لە ئێستاوە براوەین
  2022-01-25       968       

 ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند، هەوڵی سەرخستنی كاندیدەكەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دەدەن، بەڵام لە ئێستاوە براوەن چونكە لە بنەڕەتەوە شەڕەكەیان تەنیا لەسەر پۆستەكە نییە.

ئاوێنە: ئارێز عەبدوڵڵا لە نوسینێكدا بە ناونیشانی "لە نێوان دكتۆر بەرهەم و هۆشیار زێباری!" ئاماژەی بەوەداوە، ناوەڕۆكی پڕۆسێسی دیموكراسی بریتیە لە ململانێی سیاسی دوو یان چەند لایەنێكی جیاواز، ئەنجامی ململانێكەش بە هەڵبژاردن یەكلایی دەبێتەوە. 

ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا یەكێتی و پارتی دەچنە مەیدانی هەڵبژاردن، بۆ یەكێتی دوو شت لە بردنەوەی پۆستەكە گرنگترن، فێڵی لێنەكرا و هەر بەخاوەنی ویست و بڕیاری خۆی مایەوە، هەروەها یەكێتی لەسەر هەمان سیاسەتی نیشتیمانی خۆی لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی ئامادەیی رێككەوتن بوو بە هەمان هەڵوێست و لە هەمان روانگەشەوە ململانێی خۆی دەكات.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەوان هەوڵی سەرخستنی كاندیدەكەی خۆیان دەدەن بەڵام لە ئێستاوە براوەن، چونكە لە بنەڕەتەوە شەڕەكەیان تەنیا لەسەر پۆستەكە نییە بەڵكو شەڕی ئیرادە و سەروەری یەكێتییە لەسەر هەمان بڕیار و هەڵوێستی جارانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×