ناوی ئەو ناوچانە بڵاوکرایەوە کە پیێنج شەممە بەفری لێدەبارێت
  2022-01-25       1314       

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە 26-1-2022، کەشی ھەرێم بە سەقامگیری دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بەرێژەی یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەوراوی دەبێت. 

ئاوێنە: ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەبەرەبەیانی دووسبەی پێنجشەممە 27-1-2022 ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردی جەمسەری لەگەڵدا دەبێت و شەپۆلێکی مامناوەند بۆ چری بەفر بارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و لەناوچە نزم و سەنتەری شارەکاندا کاریگەری بەشێوەی بارانبارین و ھەندێک کات تەرزە و ھەورە بروسکەشی لەگەڵدا چالاک دەبێت." 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پلەکانی گەرما بەرێژەی چوار تا پێنج پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و خێرای با چالاک دەبێت لەسەرەتای شەپۆلەکەوە تا کاتەکانی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە بەخێرای 15تا ھەندێک کات بۆ 30 کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکدا." 

بەگوێرەی پێشبینییەکان، "سەرەتا بەفر بارین سەرجەم قەزاو ناحیەی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە کە بەرزیان زیاترە لە ١٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا  لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەری بارستە ھەوا ساردەکە زیاتر دەبێت لەباران و تەرزەوە کەشەکە لە بەرزیەکانی ٧٠٠ مەتر زیاتر لە ئاستی رووی دەریاوە دەگۆرێت بۆ بەفر بارین و سەنتەری شاری سلێمانی و دەوروبەری دەگرێتەوە، لەخوار ئەم بەرزیەوە کەش بە باران یان باران و بەفر بە تێکەڵی دەبێت." 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاریگەری ئەم شەپۆلە بەفر و بارانبارینە تا رۆژی ھەینی 28-1-2022 تا کاتەکانی ئێوارە بەلاوازی لەناوچەکەدا بەردەوامی دەبێت و لەشەودا کۆتایی پێدێت، رێژەی بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکاندا لەماوەی ئەم شەپۆلەدا لەنێوان 15 تا 35 سەنتیمەتر زیاتر  چاوەروان دەکرێت و رێژەی بارانبارینیس لەنێوان 10 تا 20 ملیمەتر لەناوچە نزمەکاندا، لە ناوچەکانی سنوری گەرمیان و پارێزگای کەرکوک کاریگەری لاواز دەبێت بەڕاورد بە ناوچەکانی دیکەی ھەرێم." 

هەر بەگوێرەی پێشبینییەکان، " كاریگەری بارستە ھەوا ساردەکەی ئەم جارە زۆر بەھێز نابێت لەسەر ناوچەکە و پلەکانی گەرما بەڕاورد بە شەپۆلی ڕابردوو کەمتر نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و تا کۆتایی مانگیش لە ئاستێکی جێگیردا دەمێنێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×