نەتەوە یەکگرتووەکان: عێراق بە ئاراستەی نەخوێندەواربوون هەنگاو دەنێت
  2022-01-26       473       

  نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری نەخوێندەواریی لە عێراق بڵاوکردەوە و پسپۆڕانی پەروەردەش ژمارەکان بە کارەساتبار ناودەبەن، کە بوونی 12 ملیۆن نەخوێندەوارە لە وڵاتدا.

ئاوێنە: سەندیکای مامۆستایانی عێراق ئاشکرایکرد، کە ئەو ئامارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاستی نەخوێندەواری لە عێراق پێیداون ئاماژە بۆ بوونی 12 ملیۆن کەسی نەخوێندەوار دەکات لە عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بودجە و بڕە پارەیەک تەرخان نەکراوە بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری.

سەندیکاکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، “عێراق بە ئاراستەی نەخوێندەواربوون هەنگاو دەنێت نەک هەوڵی نەهێشتنی نەخوێندەواری”.

عەباس کازمی سەرۆکی سەندیکای مامۆستایانی عێراق دەڵێت، “ساڵانە ڕێژەی نەخوێندەواری لەعێراق بەرزدەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هەنگاوێک نییە بۆ چەرەسەرکردنی ئەو گرفتە”.

سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی نەخوێندەواری سەرۆکی سەندیکاکە دەڵێت، “ژمارەیەک هۆکاری زۆر لەپشت ئەو بابەتەوەن لەوانە، ناسەقامگیریی وڵات، ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابوری، هەروەها نەبوونی یاسایەک کە هەمووان پابەندبکات بە فێربوونەوە، هەروەها نەبوونی ڕێگری لەو ڕێژە زۆرەی دەرهێنانی خوێندکاران لە خوێندن”.

لەسەرەتای ساڵی 2020یشدا، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی دوایین ئامار ڕێژەی نەخوێندەواری لەناو ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 10 ساڵەوەیە لەعێراق زیاترە 13%.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×