میدیا جیهانییەکان: داعش تا ئێستا توانای ئەنجامدانی هێرشی ڕێکخراوو پێشکەوتوی هەیە
  2022-01-27       370       

دوای هێرشەکەی داعش بۆسەر گرتوخانەی "حەسەکە" لەڕۆژئاوای کوردستان‌و چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق، میدیا جیهانییەکان هۆشداری لەدوبارە گەڕانەوەی ئەو گروپه‌ دەدەن‌و باس لەوەدەکەن، داعش ئێستا توانای ئەنجامدانی هێرشی جۆراوجۆرو ڕێکخراوو پێشکەوتوی هەیە.

ئاوێنە: لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، هێرشەکەی داعش بۆسەر گرتوخانەی سناعە لەگەڕەکی غوێرانی حەسەکەو زنجیرە هێرشەکانی لەناو خاکی عێراق، بەڵگەیە لەسەر دوبارە دەرکەوتنەوەی ئەو گروپه‌ تیرۆریستییە.

نیویۆرک تایمز دەڵێت:"سەربڕینی پۆلیسێکی عێراقیی لەلایەن داعش‌و هێرشەکانی بۆسەر هێزە سەربازییەکانی عێراق‌و پەلاماردانی گرتوخانەی حەسەکە، بەڵگەیە لەسەرئەوەی کە داعش توانای ئەنجامدانی هیرشی جۆراوجۆرو ڕێکخراوو پێشکەوتوی هەیە، ئەوەش پیشاندەری ئەوەیە کە شانە نوستوەکانیان جارێکی تر بونەوە بەمەترسییەکی ڕاستەقینە.

دەشڵێت:"بەڵگەکان ئەوە پیشاندەدەن کە ئەو بارودۆخەی لەساڵی 2014 بوە هۆی دەرکەوتنی داعش، ئەمڕۆش لەعێراقدا دوبارە دەبێتەوە، ئەوەش بواری ئەوە بۆ ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە دەڕەخسێنێتە، جارێکی تر سەردەربهێنێتەوە".

بەوتەی ئادریان چاگمۆڤیسی بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەمریکی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، ژمارەیەکی زۆر لەو داعشانەی لەهێرشەکانی ئەمدواییەدا دەستگیرکراون، لەڕوی تەمەنەوە گەنجترن‌و سەر بەخێزانی ئەندامەکانی پێشوتری ڕێکخراوەکەن.

بەوتەی ئەو، ئەوە ئاماژەیە بۆ بونی نەوەیەکی نوێ لەڕیزەکانی داعشدا، ئەمەش دۆخێکی نوێ دێنێتەپێشەوە کە وادەکەن شێوەی مەترسییەکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت‌و پێویست بەدوبارە بیرکردنەوە لەچۆنێتیی بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە دەکات.

نیویۆرک تایمز ڕونیکردۆتەوە، بونی گەندەڵیی لەڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا، بواری ئەوە بۆ داعش دەڕەخسێنێت کە دۆخی ساڵی 2014 دوبارە ببێتەوە کە سوپای عێراق لەبەرامبەر ڕێکخراوەکەدا هەرەسیهێنا.

لەلایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لەبابەتێکدا سەبارەت بەمەترسییەکانی دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش ئاماژەی بەو ڕوداوەکانی گرتوخانەی سناعەی حەسەکە کردوە کە چۆن داعش 700 منداڵ‌و مێردمناڵی وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرتوخانەکە بەکارهێناوە.

گاردیان هۆشداریداوە لەمەترسییەکانی هاوکارینەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەگێڕانەوەی "ئەندامە دەستگیرکراوەکانی داعش" بۆ وڵاتەکانیان، لەکاتێکدا سێ ساڵ بەسەر هەرەسهێنانی داعش تێپەڕیوە.

بۆئەوەش، سونیا خوش بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی وەڵامدانەوەی ڕزگاکردنی منداڵان لەسوریا دەڵێت:"ئەوەی لەبارەی گرتوخانەی غوێرانەوە دەیبیستین خۆر خەمناکەو بەرپرسیارێتییەکەشی دەکەوێتەسەر شانی حکومەتی وڵاتە بیانییەکان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×