مالکی لەسەر قسەکانی سەدر ھاتەدەنگ
  2022-01-27       991       

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وەڵامی لێدوانەکەی موقتەدا سەدری دایەوە لەسەر دورخستنەوەی لە حکومەتی نوێ و رایگەیاند، لەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وا راهاتوە وەڵامی ئەو کەسانە ناداتەوە کە کێشەکان بە کەسی دەکەن، دەشڵێت "وەڵامی من بۆ ئەوان وەستاندن بوە، لە سوکایەتی بە خوێن و دەست بە سەرداگرتنی موڵک و ماڵ و ئازادی خەڵک". 

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر وەڵامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری دایەوە و رایگەیاند، "لەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وا راهاتوم وەڵامم نابێت بۆ ئەوانەی زیادەڕۆیی دەکەن و  ناکۆکییە سیاسییە نیشتیمانییەکان بەکەسی دەکەن". 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "وەڵامی من لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەوان پارێزگاری لەئاسایشی عێراق، ئارامی هاوڵاتیان و وەستاندنی ئازاری دەستی ئەوان بوە، لە سوکایەتی بە خوێن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و ئازادی هاوڵاتیان".

25ی ئەم مانگە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، لەدواین کۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیکردوەتەوە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی بەشداری پێبکات لە حکومەتی زۆرینەدا، هەروەها پێی راگەیاندون ئەگەر بەڵێننامەی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارییەکان و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی واژۆ بکەن، دەتوانن بەشداری حکومەتی نوێ بکەن. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×