"هۆشیار زێباری ده‌ستێكی باڵای له‌بونیادنانه‌وه‌ی عێراقی نوێدا هه‌بووه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویسته‌"
  2022-01-27       902       

به‌وته‌ی‌ ئه‌ندامێكی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری پارتی دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، كاندیدی پارتی كه‌ هۆشیار زێبارییه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌یه‌ كه‌ ده‌ستێكی باڵای له‌بونیادنانه‌وه‌ی عێراقی نوێدا هه‌بووه‌و ئێستا له‌ناو ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانی عێراق كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویسته‌".

ئاوێنه‌: رێناس جانۆ، ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌باره‌ی‌ پرسی‌ كاندیدی‌ سه‌رۆك كۆمارو  ئامانجی سه‌ردانی وه‌فدی‌ پارتی بۆ به‌غدا به‌میدیاكانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "ئامانجی سه‌ردانی ئێمه‌ بۆ گفتوگۆكردن و دانوستانه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق."

سه‌باره‌ت به‌بونی دو كاندیدی پارتی‌و یه‌كێتیش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ناوبراو وتی‌، "هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بكات و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك بكات له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی زۆرترین ده‌نگ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌."

رێناس جانۆ ئه‌وه‌شی‌ وت، "كاندیدی پارتی كه‌ هۆشیار زێبارییه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌یه‌ كه‌ ده‌ستێكی باڵای له‌بونیادنانه‌وه‌ی عێراقی نوێدا هه‌بووه‌ و پێشتریش كه‌ به‌رهه‌ڵستكارێكی سه‌رسه‌ختی رژێمی پێشووی عێراق بووه‌، ئێستا له‌ناو ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانی عێراق كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویسته‌، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات چانسی بۆ بردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌هێزتر بێت."

هه‌روه‌ها وتی‌، "وه‌ك ئاراسته‌یه‌كی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشتریش بۆ ئێمه‌ یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد زۆر گرنگ بووه‌ و له‌زۆر بۆنه‌ی جیاوازیش پارتی داوای ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی كردووه‌، بۆ ئه‌مجاره‌ش زۆر باش ده‌بوو كه‌ رێككه‌وتن كرابا، به‌ڵام دیاره‌ هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت سوور بن له‌سه‌ر گرێكوێره‌كردنی دۆخه‌كه‌، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یه‌وێت خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌ی گۆڕانكاریدا بگونجێنێت، كه‌ به‌سه‌ر عێراقدا هاتووه‌."

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×