ئاڵا تاڵەبانی لە بەرامبەر پۆستێکی باڵا گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی
  2022-01-28       3288       


ئاڵا تاڵەبانی، دوای سێ مانگ لە دەركردنی لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە رەزامەندی بافڵ تاڵەبانی بۆ یەكەمجار لەگەڵ وەفدێكی باڵای ئەو حزبە دەركەوتەوە، كاتێك سەردانی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحیان كرد لە بەغدا، ئەوەش بۆ پرسی سەرۆكایەتی كۆمار.  

ئاوێنه‌: دوێنێ پێنجشەممە، 27ی كانونی دووەم، ئاڵا تاڵەبانی وەكو ئەندامی وەفدەكەی یەكێتی، هاوشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و ژمارەیەك لە سەركردەی تری یەكێتی چونە لای عامری، ئەوەش دوای ئەوە دێت، كە ناوبراو لە تشرینی دووەمی 2021 هەر بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لە حزبەكەی دەكرا، لە كاتێكدا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو.  

ماڵپەڕی کەرکوک ناو لە ڕاپۆرتێکدا کە پشتی سێ سەرچاوە بەستووە كە دوانیان لە سەركردایەتی یەكێتیین دەڵێت، ئاڵا تاڵەبانی، لەسەر داوا و پێشنیاری ئێران هاوشان لەگەڵ وەفدەكەی یەكێتین بۆ كەمپینی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ بەرهەم ساڵح، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق.   

یەكێك لە سەرچاوەكان كە نزیكایەتی هەیە لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی، جەختیكردەوە "ئێران پێشنیاری كردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی و ئەزمونی ئاڵا تاڵەبانی بەكاربهێنرێت و سودی لێ ببینرێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و قەناعەتپێكردنی لایەنەكان تا دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن، ئەوە بەهۆی ئەوەی ناوبراو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا هەیە و چەند خولێكە پەرلەمانتارە و خولی پێشوی پەرلەمانیش توانی لە بەغدا كورسییەكی پەرلەمانی لە دەرەوەی یەكێتی بۆ خۆی مسۆگەر بكات".  

لەبارەی رۆڵی ئاڵا تاڵەبانی، دوای یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، یەكێك لە سەرچاوەكان وتی "لە بەغدا پۆستێكی باڵای پێدەدرێت، بەڵام جارێ رون نییە ئایا پۆستەكە حزبی دەبێت یان حكومی، بەڵام یەكێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی دەیانەوێت سود لە ئەزمون و پەیوەندییەكانی ناوبراو وەربگرن بۆ دوای یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماریش... ئەوەی گرنگە ئاڵا تاڵەبانی گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×