كازمی لەبارەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی بەغدا: وەڵامی یەكلاكەرەوەمان دەبێت
  2022-01-28       503       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر فڕۆكەخانەی بەغدا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان وەڵامی یەكلاكەرەوەیان بۆ ئەو كردەوە "تیرۆریستیانە" دەبێت و داواش لە هێزە سیاسییەكان دەكات بەئاشكرا ئیدانەی ئەو هێرشانە بكەن.

ئاوێنە: مستەفا كازمی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند،"بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا روبه‌ڕوی كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ترسنۆکانه‌ بوه‌وه‌، کە سوربونی تاوانبارانی دەرخست بۆ لێدان له‌ ئاسایشی خەڵکی عێراق به‌ ئامانجگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكی عێراق".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە موشەک و تێكشكاندنی فڕۆکەیه‌كی مەدەنی هەوڵێکی نوێیه‌ بۆ لاوازکردنی ناوبانگی عێراق و گێڕانەوەی مه‌ترسی بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كه‌ و دروستكردنی ترسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. 

كازمی ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم هێرشه‌ تیرۆریستییە درێژکراوەی زنجیرەیەک هێرشی دیكه‌یه‌ لە به‌ ئامانجگرتنی موشەکی یان له‌ رێگه‌ی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان كه‌ دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی دەوڵەتی عێراق و بارەگای لایەنە سیاسییەکانە ده‌كاته‌ ئامانج، بۆ دەربڕینی هەوڵی دورودرێژ بۆ شکاندنی شکۆی دەوڵەت و یاسا."

جەختیشی كردۆتەوە "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیه‌وه‌ بەشداری تەواویان لە دابینکردنی ئاسایش و بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا کردوە و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان دەبێت بۆ ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە مەترسیدارانه‌."

هەروەها كازمی وتویه‌تی"له‌ پێگه‌کەمەوە وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان داوا لە هەمو هێز و لایەن و رەوتە سیاسییەکان دەکەم كه‌ به‌ ئاشكرا ئیدانەی ئه‌م جۆره‌ هێرشه‌ مەترسیدارانه‌ بكه‌ن و پشتیوانی هێزە ئەمنییەکانمان بکەن لە ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆن."

مسته‌فا كازمی داواشی لەوڵاتانی دۆستی عێراق لە ناوچەكە و جیهان كردوە کە گەشت و گواستنەوەی ئاسمانی بۆ عێراق سنوردار نه‌كه‌ن، چونكە ئەوە ده‌بێته‌ هۆی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی تیرۆریستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×