لە 48 سەعاتدا لە سلێمانی نزیكەی هەزار هاوڵاتی سەردانی كلینیكەكانی تایبەت بە كۆرۆنایان كردوە
  2022-01-28       304       

تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد، لەماوەی 48 سەعاتی رابردودا نزیكەی هەزار هاوڵاتی سەردانی كلینیكەكانی تایبەت بە كۆرۆنایان لە شارەكە كردوە. دەشڵێت، لەو ماوەیەدا 24 توشبوی كۆرۆنا داخڵی نەخۆشخانە كراون و 18 توشبوش چاكبونەتەوەو شەش توشبوش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: سامان شێخ لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەپێی ئاماری هەردو کلینیکی راوێژکاری (عەلی ناجی و شەهید د.هێمن) كە تایبەتن بە کۆرۆنا لەناوشاری سلێمانی، لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردودا نزیکەی هەزار هاوڵاتی بەمەبەستی سەردانیکردنی پزیشک و پشکنینی (pcr) تایبەت بە کۆرۆنا سەردانی هەردو کلینیکیان کردوە."

ئەوەشی وتوە"لەهەمان کاتدا بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن تایبەت بەتوشبوانی کۆرۆنا، لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردودا ئامارەکان بەم شێوەیە بون: داخڵ بو لەنەخۆشخانە/ 28، دەرچو لەنەخۆشخانە/18، ئەو هاوڵاتیانەی بە کۆرۆنا کۆچی دواییان کردوە/6"

 ئەو بەرپرسەی تەندروستی سلێمانی داوای لە هاوڵاتیان كردوە لە پێناو پاراستنی خۆیان و مانەوەی ئازیزانیان و کۆمەڵگایەکی تەندروست  پابەندی ڕێنماییەکان ببن و خۆیان بپارێزن، ئەوەش بە جێبەجێکردنی هەنگاو ڕێنماییەکانی  خۆپاراستن کە لە گرنگترین ئەو ڕێگایانەش:

١- بەکارهێنانی ڤاکسین.

٢- بەستنی ماسک و لەدەستکردنی دەستکێش.

٣- دەستشتنی بەردەوام لە کاتی چونە تەوالێت و بەرکەوتنی دەستت بە کەرەستە و ئامێرەکانی چواردەور.

٤- پاککردنەوەی دەستەکانت بە جێڵی پاککەرەوە (تعقیم) پێویستە ئەو جێڵەت پێ بێت.

٥- دورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی.

٦- ڕەچاوکردنی دوری نێوانتان لەکاتی ئاخاوتن و گفتوگۆ لانیکەم (٢) مەتربێت.

٧- سەردانی نەکردنی ئەو شوێنانەی جێگەی گومانن لە وەرگرتن و گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

 ئەوەشی خستۆتەڕو، لەبونی هەر حاڵەتێکی توشبون بە کۆرۆنا دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی تەندروستی تایبەت بە چارەسەرکردنی توشبوانی کۆرۆنا بکەن وەک: کلینیکی ڕاوێژکاری شەهید د.هێمن تایبەت بە توشبوانی کۆرۆنا، لە سەعات 8ی بەیانی بۆ 10ی شەو، لەگەڵ کلینیکی راوێژکاری عەلی ناجی لە سەعات 8ی بەیانی بۆ 9ی شەو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×