ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی بەغداد دەستگیرکرا
  2022-01-30       611       

سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە ئێوارەی دوێنێ کەسێک بە تۆمەتی تێوەگلان لە ئەنجامدانی هێرشەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سەر فڕۆکەخانەی بەغداد دەستگیرکراوە.

ئاوێنە: بەپێی میدیا عێراقییەکان کە لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویانکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە باکووری دیالە کەسێکیان دەستگیرکردووە، لەلایەن هەواڵگریی عوزێمەوە بەرلە گواستنەوەی بۆ بەغداد لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و دواتر ڕەوانەی بەغداد کراوە.

ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکراوە ناوی ئەکرەم ئەلقەیسی-ە و لەدایکبووی 1984ـە لە شارۆچکەی ئەبوغرێب دادەنیشێت.

ڕۆژی هەینی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد ڕووبەڕووی هێرشێک بووە و شەش موشەکی ئاراستەکرا، لەگەڵئەوەی هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو بەڵام زیانی ماددی بەر فڕۆکەخانەکە و دوو فڕۆکە کەوت.

دوای هێرشەکە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکە بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی عێراقە، هێزە ئەمنییەکان ئەو کەسانە و هەر لایەنێکیش لەپشت هێرشەکەوە بێت دەدۆزنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×