کازمی: کار دەکەین بۆ بەرەنگاربونەوەی بەبیابان بون و قەیرانی ئاو
  2022-02-07       348       


مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە ئاوی دیجلە و فوڕات ئەویش لەسەر بنەمای گفتوگۆ و پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش، هەروەها عێراق لەم کاتەدا هەوڵەکانی بۆ  بەرەنگاربونەوەی پرسی بەبیابانبونیش چڕکردوەتەوە.

مستەفا کازمی ئەمڕۆ یەکشەممە بەشداریکرد لە 36هەمین کۆنگرەی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی نزیک و باکوری ئەفریقا کە بەهاوکاری رێکخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان (فاو) لەبەغدا بەڕێوەچو، لەوتارێکیشدا باسی لەپلانی حکومەتەکەیی و روانگەی عێراق کرد بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی بەبیابان بون و قەیرانی ئاو.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆنگرەکەدا وتی، ئامانجی کۆنگرەکە پەرەپێدانی سیستەمی کشتوکاڵی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەسەندنی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتوەکانە، ئەوەش پێویست دەکات لەسەرهەموان کە ئاستەنگی و مەترسییەکان بزانن و سود لە ئەزمونە سەرکەوتوەکان لەم بوارە وەربگرن، بەتایبەت کە جیهان لەم کاتەدا لەگەڵ کەمبونەوەی ئاو، وشکەساڵی، بەبیابون و چەندین دیاردەی دیکەی سروشتی روبەڕوبوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕو، عێراق لەچەند ساڵی رابردو بەهۆی جەنگە بەردەوامەکان، نەبونی پلانی کشتوکاڵی نوێ، گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانی وڵات روبەڕوی چەندین ئاستەنگی ژینگەیی بوەتەوە، بۆیە پێویستە هەموان بەروحی هاوکاری و ئامانجی هاوبەش کاربکەن و وڵاتانی ناوچەکەش لەدابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراکدا هاوکاری یەکتر بن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، داوا دەکات هەموان وەک یەک تیم کاربکەن چونکە هەمو رۆڵەکانی ئەم هەسارەیەن و تیایدا دەمێننەوە، بۆیە هاوبەشیکردنی یەکتر تاکە بژاردەی سروشتی و سەرکەوتوە بۆ دابینکردنی داهاتویەک بۆ نەوەکان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×