لەتیف شێخ مستەفا: کردنەوەی دوبارەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەرپێچی دەستورە
  2022-02-07       1222       

حاكم لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی بواری یاساو ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گەر تا ڕۆژی 9ی ئەم مانگە، سەرۆک کۆمار لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەڵنەبژێردرێت، عێراق دەچێتە قۆناغی سەرپێچی دەستورییەوە، جەختیشدەكاتەوە كە بەپێی یاسا، سزای سەرپێچی دەستوری، سزادانی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەیەتی.

ئاوێثنە: حاكم لەتیف شێخ مستەفا، ئەمڕۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند"گەر لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت، مەسەلەکە دەبێتە سەرپێچی دەستوری، بۆیە بەپێی یاسا دەبێت لایەنی سەرپێچیکار سزا بدرێت، گەر سەرپێچیەکە ڕاست بکرێتەوە دەکرێت، بەڵام گەر ڕاست نەکرێتەوە، ئەوا سەرپێچی ماوە دەستورییەکان زەقەو چاک ناکرێتەوە."

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

سەبارەت بەجۆری سزادانی پەرلەمان لەسەر سەرپێچی دەستوری و هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆمار لەماوەی یاساییدا، حاكم لەتیف شێخ مستەفا وتی"سزادانی پەرلەمان هەڵوەشاندنەوەیەتی، بەڵام لێرە ئەوە کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەڵبژاردنی پێشوەخت قورسەو دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوەو تەنها دەتوانێت داوابکات، دەبێت پەرلەمان خۆی ئەو کارە بکات، بۆیە ئێمە لەبەردەم سەرپێچی دەستوریداین."

دەربارەی ئەوەی چ دەرچەیەکی یاسایی هەیە، بۆ دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدانی سەرۆک کۆمار، گەر لایەنەکان لەسەر کاندیدەکانی ئێستا ڕێکنەکەوتن، حاكم لەتیف شێخ مستەفا وتی"تا 9ی مانگ، گەر سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت، هیچ دەرچەیەک نییە و پێچەوانەی دەستور و یاسایە، گەر زۆر دوابکەون، دەبێت پەرلەمان سزا بدرێت و هەڵبوەشێنرێتەوەو جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ دەنگدان، لەزۆر وڵات ئەمە دەبینین."

جەختیشیکردەوە"دەشێت سەرۆکایەتی پەرلەمان جارێکی تر دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ کاندیدانی سەرۆک کۆمار بکاتەوە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایەو دەشێت لەدادگا تانەی لێبدرێت، دادگا دوا بڕیار دەدات."

حاكم لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی بواری یاساو پەرلەمانتاری پێشوتری عێراق رونیکردەوە، گەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چەند ڕۆژێک دوابکەوێت کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، رەنگە ئاسایی بێت، بەڵام گەر پەرلەمان بۆ ماوەی چەند مانگێک نەیتوانی سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، وتی"بەڵام لێرە واقیعە سیاسییەکە زاڵە بەسەر واقیعە یاسایی و دەستورییەکەدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×