لەبارەی روداوەكانی میسان، مالیكی سوپاسی رەوتی سەدرو عەسائیبی ئەهلی هەق ئەكات
  2022-02-11       433       

نوری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند، مەترسی شەڕی ناوخۆ هاتۆتە بەر دەرگاو داوا دەکات رێکاری خێرا بۆ رێگری لە دوبارەبونەوەی روداوەکانی کوشتن لەناوچە جیاوازەکانی عێراق بگیرێتەبەر. سوپاسی هەنگاوەكانی رەوتی سەدرو عەسائیبی ئەهلی هەقیش دەكات بۆ چارەسەرکردنی روداوەکەی میسان.

ئاوێنە:نوری مالیکی، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا رایگەیاندوە، مەترسی شەڕی ناوخۆیی هاتوەتە بەردەرگا و داوا دەکات هەموان بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، لەبارەی کوژرانی دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ ساعدی لەپارێزگای میسانیش لەرۆژی 5ی ئەم مانگەدا، سوپاسی سەرکردایەتی رەوتی سەدر و عەسائیبی ئەهلی هەق دەکات بۆ زو کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، داوا لە هەردولایەن دەکات کاربکەن بۆ دوبارەنەبونی روداوی هاوشێوە لە میسان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەها داوا دەکات تۆمەتباران روبەڕوی سزابکرێنەوە و رادەستی دادگا بکرێن.

شەممەی رابردو 05-02-2022 دادوەر ئەحمەد ساعدی، پسپۆڕی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان لە دادگەی تێهەڵچونەوەی میسان لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا. سێ رۆژ پێش ئەو، حیسام عەلیاوی، ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بە پلەی رائید کوژرا. حیسام عەلیاوی برای ویسام عەلیاوی، سەرکردەی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق بو کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا لە میسان کوژرا. رۆژی چوارشەممە 09-02-2022ش ئەندامێکی رەوتی سەدر بەناوی کەڕاڕ ئەبو رەغیف لە گەڕەکی مامۆستایان لەگەڵ هاوسەرەكەی تەقەیان لێکرا و کوژران.

خراپیی دۆخی میسان وایکرد رۆژی چوارشەممە 09-02-2022 مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە یاوەریی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندە باڵا ئەمنی و سەربازییەکان سەردانی میسان بکات و ژمارەیەک بڕیار بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنیی میسان دەربکات.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×