خەزعەلی‌ بڕیارەکەی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ په‌یوه‌ست به‌نەوتی‌ هەرێمه‌وه‌ به‌ "گرنگترین‌ بڕیار" وه‌سف ده‌كات‌
  2022-02-15       1414       

قەیس خەزعەلی‌، ئەمینداری‌ عەسائیبی‌ ئەهلی‌ حەق بڕیارەکەی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ لەبارەی‌ نادەستوریبونی‌ دۆسیەی‌ نەوتی‌ هەرێم بە "گرنگترین‌و باشترین" بڕیاری‌ دادگاكه‌ وه‌سف ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "بڕیاره‌كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی‌ یه‌كگرتو".

ئاوێنه‌: قەیس خەزعەلی‌ له‌تویتێكدا هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ له‌به‌رامبه‌ر بڕیارەکەی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ ڕاگه‌یاندووه‌و ستایشی‌ بڕیارەکەی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ کردووە.

ناوبراو نوسیویه‌تی‌، "بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق تایبه‌ت به‌ناده‌ستوریی بونی‌ یاسای‌ نه‌وت‌و غازی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ژماره‌ 22ی‌ ساڵی‌ 2007، باشترین بڕیاری‌ دادگایه‌ له‌مێژوی‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌".

قەیس خەزعەلی‌ پێیوایه‌ كه‌ "بڕیارەکەی‌ دادگای‌ فیدراڵیی، عێراق وەک وڵاتێکی‌ یەکگرتو دەهێڵێتەوەو له‌سودی‌ ته‌واوی‌ گه‌لی‌ عێراقه‌ له‌باكوری‌ عێراقه‌وه‌ تا باشورو گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوری‌ عێراق، به‌و پێیه‌ی‌ له‌ده‌ستوردا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ نه‌وت‌و عاز موڵكی‌ گه‌لی‌ عێراقه‌".  

ئه‌مڕۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی دو سکاڵا کە لەساڵانی 2012 و 2019 لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کۆبوەوە، سکاڵاکان تایبەن بون بە "نادةستورى" بونى هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان‌.

دادگاكه‌ یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی کوردستانی بەنادەستوری هەژمارکردو حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرادەستکردنی نەوت بەحکومەتی فیدڕاڵ‌و وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×