رونکردنەوەیەک لە دادگای فیدڕاڵییەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی کوردستان
  2022-02-17       1002       

دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ نادەستوریبونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان پێشوتریش لە دادگایەکی ئەمریکا بڕیاری لەسەر دراوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق تۆماریکردبو، بۆیە جەخت لە دروستی بڕیارەکەی 15ی ئەم مانگەیان دەکەنەوە و لەبڕیارەکەشدا رەچاوی بەرژەوەندی باڵای عێراق و گەلەکەی کراوە.

ئاوێنه‌: دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشكردوە، سکاڵای تۆمارکراو بە ژمارە (59 /اتحادية/2012) و یەکلاییکردنەوەی لە  15 /2 /2022 کە تایبەت بوە بە نادەستوریبونی یاسای نەوت و غازی کوردستان، دەرچونی ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مادەکانی (110، 111، 110، 115 ،121 و130 )ـی دەستوری عێراق بوە، هەروەها پێشوتریش دادگایەکی ئەمریکا لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیارێکی بەهەمان ناوەڕۆکەوە دەرکردوە کە دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابو.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان تانەی لە بڕیارەکەی دادگای ئەمریکادا و دادگای ئەو وڵاتەش لە 21ی کانونی یەکەمی ساڵی 2015 پێداچونەوەی بۆ دۆسییەکە کرد و بەهەمان ناوەڕۆکی پێشتر بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوتی عێراق دەرکرد، ئەو کات حکومەتی هەرێمی کوردستان دانینا بە گواستنەوە و بەتاڵکردنەوەی کەشتی نەوتی لە ئیسرائیل، بەوهۆیەش بەرگری نامەکەی هەرێمی کوردستان لەدادگای تێهەڵچونەوەی ئەمریکا لاواز دەرچو.

دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆیە ئەو کاتە دادگای تێهەڵچونەوەی ئەمریکا بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوتی عێراق پەسەندکردەوە، بۆیە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقیش لە رۆژی 15ی ئەم مانگەدا لەسەر بنەمای  بەرژەوەندی باڵای عێراق و گەلەکەی دەرچوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 15ی شوباتدا، بڕیاریدا كه‌ یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوری نییه‌ و سه‌رپێچی ده‌ستوری فیدڕاڵیه‌، بۆیە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند كرا به‌ راده‌ستكردنی ته‌واوی داهاته‌كانی نه‌وت به‌ به‌غدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×