وەزیری دارایی عێراق: ئامادەی کۆبونەوەی داهاتوی پەرلەمان دەبم
  2022-02-19       736       
عەلی عەلاوی

وەزیری دارایی عێراق ده‌ڵێت، بەهۆی ئەو کاتە کەمەی لەبەردەمیدا بوەو لەم دۆخەی لەئێستادا دروستبوە نەیتوانیوه‌ ئامادەی کۆبونەوەی‌ ئه‌مرۆ ببێت. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئامادەی کۆبونەوەی داهاتوی پەرلەمان دەبێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شه‌ممه‌، لەبینای پەرلەمانی عێراق بەسەرپەرشتی حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامادەبونی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق سەبارەت بەنرخی دۆلارو مەزادی ئاشکرای دۆلارو بردنەدەرەوەو سپیکردنەوەی پارە کۆبونەوەیەک ئەنجامدراـ به‌ڵام عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ئاماده‌ی‌ کۆبونەوەكه‌ نه‌بو.

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ به‌شدارینه‌كردنی‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، عەلی عەلاوی لەنوسراوێکدا کە ئاراستەی حاکم زاملی کردوە رایگەیاندوە، "ئاماژە بەنوسراوی ژمارە 2438ی ئەمڕۆ، بەهۆی ئەو کاتە کەمەی لەبەردەستمدا بوەو لەم دۆخەی لە ئێستادا دروستبوە نەمتوانی ئامادەی کۆبونەوەکە ببم."

ناوبراو ده‌ڵێت، "بەفەرمی داوا لەسەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم، کۆبونەوەیەک سازبکات بە مەبەستی دەنگدان لەسەر متمانەدانەوەم وەک وەزیر و لەهەمان دانیشتنیشدا رێگەم بدەن قسەی خۆم لەسەر ئابوری و نرخی دۆلار بکەم."

وەزیری دارایی عێراق ڕاشیگه‌یاندووه‌، "بەردەوام ئامادەی هاوکاری تەواوم لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران لەچوارچێوەی دەستور و یاسا کارپێکراوەکان‌و لەگەڵ بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارییەکانم لەنێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری."

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×