وەزیری دارایی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی نرخی دۆلار بڵاوكردەوە
  2022-02-20       556       

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دابەزاندنی نرخی دینار لە كانونی یەكەمی ساڵی 2020دا كە لەچوارچێوەی ژمارەیەك چاكسازیی جەوهەریدا هاتوە، بۆتە مایەی تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی كە لەو ساڵەو لە مانگەكانی سەرەتای ساڵی 2021دا دروست بو.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری دارایی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، بڕیاری دابەزاندنی نرخی دینار لە کانونی یەکەمی 2020 لە چوارچێوەی ژمارەیەك چاکسازیی جەوهەریدا بوە لە ژێرخانی ئابوریی وڵاتەکەدا، بڕیارەکە لە ئەنجامی قەیرانێكی خنکێنەری ئابوری بوە کە جیهانی بەگشتی گرتبوەوە ئەوەش بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، کە ئەوکات نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 20 دۆلار دابەزی، ئەمەش قەیرانێکی ئابوریی دروستکرد، کە وایكرد قورس بێت بۆ حكومەت پابەندییە داراییەكانی لە قەرزەكانی پێشو(قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی) لەگەڵ موچەی فەرمانبەرو خانەنشینان و چاودێریی كۆمەڵایەتی، بەجێبگەیێنێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، گۆڕانکاریکردن لە نرخی دینار هاوکات بو لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەی چاکسازیی ئابوری كە حكومەت بە "پەڕەی سپی" ناوی دەبرد، ئەوەش بژاردەیەکی پێویست بو بۆ چاکسازیکردن سیستمی پەیكەریی ئابوریی وڵات.

بەپێی بەیاننامەكەی نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری دارایی، گۆڕانکارییکردن لە نرخی دۆلار هێزێکی گەورەی دایە جومگەکانی ئابوریی وڵات و هەماهەنگیش بو لەگەڵ لێدوانەکانی بانکی ناوەندی کە جەختی كردەوە لەوەی بەرزكردنەوەی نرخی فرۆشی دۆلار بوە هۆی زیادبونی توانای کێبڕکێی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی سەر وەزارەتی دارایی بە رێژەی لەسەدا 23 و وایكرد وەزارەتەكە بتوانێت ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت كە لە ئاكامی دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2020 و مانگەكانی سەرەتای ساڵی 2021دا دروستبو.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە بڕیارەكە لەدوای بەهەدەردانی یەدەگی دراوی بیانیی دەوڵەت و كۆنترۆڵك هەندێك لە بانكە ئەهلییەكان بوە بەسەر بازاڕی فرۆشتنی دراودا بە شێوازی نایاسایی، بە چەند بڕیارێك كارمان بۆ بەرزكردنەوەی یەدەگی دراوی بیانیی دەوڵەت و ئەوەش بوە مایەی زیادبونی 64 ملیار دۆلار لە یەدەگی بانكی ناوەندی عێراق و زیادبونی پۆلێنی جیهانی گەشەسەندنی عێراقیش لە ئاستی نێودەوڵەتی.

نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئامارەكانی رێکخراوە نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەرهەمی خۆماڵی بەگشتی 9% بوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021 و گەشەی ئابوریی نانەوتی بە رێژەی 21% زیادیکردوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021دا.

 هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تێکڕای هەڵاوسان لە کانونی دوەم بۆ تەمموزی 2021 گەیشتوەتە 5.2% و 6.3%، ئەمەش بەهۆی زیادبونی خواستی ناوخۆیی و نەبونی کاڵای پێویست بۆ خستنەڕو، بە شێوەیەک کە داواکاریی هەموان فەراهەم بکات. لە لایەنی دیکە هەڵاوسان کاریگەریی ئەرێنیی هەبوە، بەهۆی دابەزینی نرخەکانی کاڵای هاوردەکراوی هەندێک وڵات، بەهۆی ئەوەی نرخی دراوەکەیان دابەزیوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×