"وەزیری دارایی عێراق، وڵاتی جێ نەهێشتوە"
  2022-02-21       533       

فەرهاد عەلائەدین، سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی عێراقی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، ئەو هەواڵەی رەتكردەوە كە گوایە وەزیری دارایی عێراق وڵاتی جێهێشتوە.

ئاوێنە: فەرهاد عەلائەدین لە تویتێكدا، لەبارەی راستی و دروستی ئەو هەواڵەی كە گوایە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق وڵاتی جێهێشتوە، لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە عەلی عەلاوی-یەوە نوسیویەتی: ئەو هەواڵە دورە لە راستییەوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە "وەزیری دارایی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چونە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و هیچ نیەتێكی جێهێشتنی عێراقیشی نییە، نە ئێستا و نە دوای پێكهێنانی حكومەتیش."

رۆژی پێنجشەممەی رابردو، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بانگهێشتی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی كرد بۆ ئامادەبون لە كۆبونەوەیەك لە رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیەدا، بەڵام وەزیری دارایی رەتیكردەوە ئامادەی ئەو كۆبونەوەیە بێت و نەچوە كۆبونەوەكە.

دواتر لە كۆبونەوەكەدا، حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، قەدەغەی گەشتی چونە دەرەوەی وڵات بۆ عەلی عەلاوی دەردەكەن تا ئەو كاتەی ئامادەی پەرلەمان دەبێت و وتیشی، وەزیری دارایی تەنانەت ئەگەر دەستلەكاریش بكێشێتەوە، بەبێ لێپێچینەوە دەستبەرداری نابین، چونكە "چەند دۆسیەیەكیمان لەبەردەستە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×