فازڵ فه‌تلاوی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی فه‌تح له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، دیدارێكی چاوه‌ڕوانكراوی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ئارادایه، به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و پێكهێنانی فراكسیۆنێكی گه‌وره‌ی شیعه‌كان.
ئاوێنە: فازڵ فه‌تلاوی له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندوه، دیدارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له دو رۆژی داهاتودا چاوه‌ڕوانكراوه، به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی فراكسیۆنی زۆرینه و هه‌روه‌ها چونه ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به فراكسیۆنێكی یه‌كگرتوی گه‌وره‌ی شیعه‌كانه‌وه.
وتیشی، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در، هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتو خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێز بێت و به‌لێهاتویه‌كی زۆره‌وه توانای به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی هه‌بێت له وێستگه‌كانی داهاتوی عێراق".
فازڵ فه‌تلاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، هه‌موان ئاره‌زومه‌ندن بۆ گه‌یشتن به‌ڕێگه‌چاره‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی رێكه‌وتنێكی سیاسی یه‌كلاكه‌ره‌وه، بۆیه چاوه‌ڕوانكراوه كه دیدارێكی لوتكه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له دو رۆژی داهاتودا بێـته ئاراوه.