رایتس ۆوچ: دەستگیركردنی ئەفسەرێكی باڵای عێراقی لەسەر سەركەوتكردنی خۆپیشاندەران هەنگاوێكی گرنگە
  2022-02-25       359       

هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، دەستگیركردن و لێپچێینەوەی یاسایی لە ئەفسەرێكی باڵای ئەمنی عێراق بە تۆمەتی سەركەوتكردنی خۆپیشاندەران لە ساڵی 2019دا، هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام دەستگیركردنی تۆمەتبارانی كوشتنی خۆپیشاندەران و پێشێلكارییەكانی دیكە نابێت لەو سنورەدا بوەستێت.

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، ئەم هەفتەیە دەستكراوە بە رێكارەكانی دادگاییكردنی موقەدەم عومەر نزار، كە ئەفسەریكی باڵای عێراقییە ئەوەش بە تۆمەتی پێشێلكاری پەیوەست بە سەركەوتكردنی خۆپیشاندەرانی عێراقی لە ساڵی 2019دا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، كەیسەكە كە لە 22ی ئەم مانگەوە لە دادگای لێكۆڵینەوەی ناسریە دەستی پیكردوە، گرنگییەكەی لەوەدا كورت نابێتەوە كە یەكێكە لە حاڵەتە دەگمەنەكان كە تێیدا دەسەڵاتداران ئەفسەرێكی باڵا روبەڕوی لێپچینەوە دەكەنەوە بەهۆی تاوانەكانی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی، بەڵكو گرنگە چونكە حكومەتەكانی پێشوی عێراق نەیانتوانیوە لەوبارەیەوە هەنگاوێك بنێن.

عومەر نزار، ئەندامی "فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا" بوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە ئەو فیرقەیە وێڕای بەشداری لە شەڕی دژی داعش، بۆ بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندانە بەرفراوانەكانی ساڵانی 2019 و 2020 بەكارهێنرا.

رێكخراوەكە نوسیویەتی، لە ساڵی 2016 و 2017، رۆنامەنوس و وێنەگری كورد، عەلی ئەركادی، چوە نێو ریزی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا لەماوەی شەڕی دژ بە داعش لە فەلوجەو موسڵ. لە ئایاری 2017، دوای هەڵاتنی لە وڵات، عەلی ئەركادی چەند وێنەو گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئەندامانی ئەو فرقەیە لەنێویشیاندا عومەر نزار دەردەكەون كە پێشێلكاری ئەنجام دەدەن.

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی"لەگەڵ ئەوەش ئەو بڵاوكراوانەی عەلی ئەركادی، بابەتی لێكۆڵینەكانی ئێستا نین."

بەپێی راپۆرتكەی هیومان رایتس ۆچو، دوای چەند رۆژێك لە بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگانەی ئەركادی، عومەر نزار لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە یوتیوب و فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە لە ماڵی ئەو پیاوە دەردەكەوێت كە لە ڤیدیۆكانی عەلی ئەركادیدا لەسەر دەستی كەسێكی دیكەی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا، ئەشكەنجە دراوە. لە ڤیدیۆكەدا وا لە پیاوەكە دەكرێت، لەبەردەم كامێرادا ئەوە رەتبكاتەوە كە ئەشكەنجە دراوە. لەدوای بڵاوبونەوەی بەڵگەكانی ئەركادی، عومەر نزار لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، پێشێلكارییەكانی رەتنەكردنەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بەڵام لە 11ی ئەم مانگە، عومەر نزار دەستگیركراو ئێستاش بە تۆمەتی سەركەوتكردنی خۆپیشاندەران دادگایی دەكرێت.

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی، ئەم دەستگیركردنە هەنگاوی یەكەمە بۆ لێپێچینەوە، بەڵام دەستگیركردنەكان لەسەر كوشتنی خۆپیشاندەران و پێشێلكارییە دیارەكانی دیكەی دژبە مافەكانی مرۆڤ، نابێت لەم سنورەدا بوەستن و ناشبێت تەنها كورتبكرێنەوە بۆ ئەو حاڵەتانەی كە ئاشكرادەبن بۆ خەڵك.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×