هوشیار زێباری وەڵامی تویتەکەی سەدر دەداتەوە
  2022-02-25       1180       


پاش ماوەیەکی زۆر هۆشیار زێباری لەسەر تویتەکەی موقتەدا سەدر هاتە دەنگ و دەڵێت، مەبەستی سەدر ئەوەبوو ڕێگری لەوە بکات کە ڕوویدا.   

ئاوێنه‌: هۆشیار زێباری، کاندیدی پێشووی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دوورخرایەوە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەک ڕێکارێکی یەدەگ و بەدیل تویتەکەی لەسەر من بڵاوکردەوە، چونکە ئەو لە کۆبوونەوەکەی حەنانە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندبوو کە رەنگە بوترێت هەندێک دۆسیە لەسەر هۆشیار زێباری هەیە، بەڵام ئێمە پشتیوانیی لێدەکەین."   

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتی تویتەکەی سەدر سەیر بوو، لەوکاتەدا هیچ شتێک لەسەر من باس نەدەکرا، بەڵام تویتەکەی ئەو بابەتەکە وروژاند، لەکاتێکدا مەبەستی سەدر ئەوەبوو کە ڕێگری لەوە بکات."   

هۆشیار زێباری باسی لەوەشکردووە، "من پێش تویتەکەش دڵنیاییم دا بەوان کە ئەگەر هەر کێشەیەکی یاساییم لە خۆمدا شک ببردایە ئەوا بێگومان خۆم کاندید نەدەکرد."  

لە بەرواری 4-2-2022، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، ئەگەر هۆشیار زێباری، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار یاخود هەر کاندیدێکی دیکە مەرجەکانی کاندیدبوونی تێدا نییە، ئەوا پەرلەمانتارانی چاکسازیخواز دەنگی پێنەدەن.   

لەدوای تویتەکەی سەدر، دادگای فیدڕاڵی دۆسییەکانی ڕابردووی هۆشیار زێباریی هەڵدایەوە و پاش کۆبوونەوەیەک بڕیاری دا زێباری لە کێبڕکێی پۆستەکە دووربخاتەوە.   

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×