فوئاد حسێن: دۆخی کارەباو غازی عێراق لەئاستێکی زۆر خراپدایە
  2022-02-26       570       

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دۆخی کارەباو غازی عێراق لەئاستێکی زۆر خراپدایە. ناوبراو ده‌ڵێت، "دەبێت دانی پێدا بنێین کەوا نەمانتوانیووە چارەسەری كێشه‌ی‌ کارەبا بکەین."

ئاوێنه‌: لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەلەئەوسەت، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق باس له‌دۆخی‌ كاره‌باو غازی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت، دۆخی کارەباو غازی عێراق لەئاستێکی زۆر خراپدایە، "دەبێت دانی پێدا بنێین کەوا نەمانتوانیووە چارەسەری كێشه‌ی‌ کارەبا بکەین."

لەبارەی کێشەی غازیشەوە دەڵێت، "ئێمە وڵاتێکی خاوەن غازین بەڵام غاز بەرهەم ناهێنین‌و ئێمە هەزارو ٢٠٠ مێگاوات کارەبا لەئێرانەوە دەهێنین و ئەگەر هاوردەی غاز و کارەبا بەیەکەوە کۆبکەینەوە کە لە ئێرانەوە پێمان دەگات ئەوا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ٤٥٪ی کارەبا و غازی عێراق سەرچاوەکەی ئێرانە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، ئێرانیش بۆخۆی لەتەنگەژەدایە بەهۆی ئەوەی دەوڵەتێکی گەورەیەو هەدنێک جار پێویستی بەکارەباو ئەو غازەیە کە هەناردەی عێراقی دەکات، لەهەمانکاتیشدا، ئێران بۆخۆشی کارەبا لەدەرەوە هاوردە دەکات.

وەزیری دەرەوەی عێراق دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق‌و ناوچەکە ڕونیكردۆته‌وه‌، "عێراق دابەشبوونێکی تێدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بۆیە خراپی نێوان ئەو وڵاتانە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی عێراقیش دەبێت، ئەگەر دۆخی عێراق سەقامگیرتربێت ئەوا ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ دەرەوەشدا دەکات."

فواد حسێن داواشی لەحکومەتی وڵاتەکەی کردووە گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا سازبکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×