باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا ئاڵای ئۆكرانیا هەڵدەكات
  2022-03-04       476       

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، وەك پاڵپشتییەك بۆ ئۆكرانیا، ئاڵای ئەو وڵاتەمان لەسەر بینای باڵیۆزخانەكەمان لە بەغدا هەڵكرد.

ئاوێنە: باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا وتوشیەتی"هێرشی پوتین بۆ سەر ئۆكرانیا خاڵی كەوتنەو هێرشێكی راستەوخۆیە نەك تەنها بۆ سەر ئۆكرانیا بەڵكو بۆ سەر سیستمی نێودەوڵەتی دامەرزاو لەسەر بنەماكان."

وتوشیەتی"ناتوانین بێدەنگ بین، بەڵكو پێویستە لەسەر هەر یەكە لە ئێمە هەڵوێست وەربگرین. وەك پاڵپشتییەك بۆ ئۆكرانیا، ئاڵای ئۆكرانیامان لەسەر باڵیۆزخانەكەمان هەڵكرد."

هێرشەكەی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا كە لە 24ی مانگی رابردوەوە دەستی پێكرد، وڵاتانی دابەشكردوە بەسەر سێ بەرەدا، بەشێكی زۆر پشتیوانی لە ئۆكرانیا دەكەن و هەندێك وڵاتیش لە روسیاو ژمارەیەك وڵاتیش بێلایەنییان هەڵبژاردوە.

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی هەڵوێستی خۆی بۆ پشتیوانی لە هیچ یەك لەو دو وڵاتە دەرنەبڕیوە، لە كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانیشدا بۆ پەسەندكردنی بڕیاری ئیدانەكردنی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا عێراق، "دەنگ نەدان"ی هەڵبژارد، بەڵام هاوڵاتیانی وڵاتەكە بەشێكیان پشتیوانی لە ئۆكرانیاو بەشێكی دیكەیان پشتیوانی بۆ روسیا بەشێوازی جیاجیا دەردەبڕن.

دو شەو لەمەوبەر وێنەیەكی گەورەی پوتین لە یەكێك لە شەقامەكانی بەغدا دانرا كە لەسەر نوسراوبو ئێمە پشتیوانی لە روسیا دەكەین. 

هەروەها دوێنێ كونسوڵخانەی روسیا لە بەسرە لە راگەیەندراوێكدا لە فەیسبوك وتبوی، داواكارییەكی زۆریان لە خۆبەخشانی عێراقییەوە پێدەگات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ریزەكانی سوپای روسیاوە بكەن بۆ شەڕی ئۆكرانیا، بەڵام كونسوڵخانەكەیان ناونوسی خۆبەخشان ناكات چونكە روسیا هێزی پێویستی هەیە بۆ "چارەسەركردنی ئەو كێشەیە"و وتبوشی"سوپاستان دەكەین بۆ تێگەیشتن و پاڵپشتیتان."

كونسوڵخانەی روسیا لە بەسرە دوای چەند سەعاتێك ئەو پۆستەی لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە فەیسبوك سڕییەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×