مالیکی و سەدڕ رێککەوتن
  2022-03-11       556       

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، رەوتی سەدڕ و هەماهەنگی شیعەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی جەعفەر سەدڕ باڵیۆزی عێراق لە لەندەن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران حکومەتی عێراق دیاریبکەن.

ئاوێنه‌: ماڵپەڕی " بغداد الیوم" لە بڵاوکراوەیەکدا لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە هەماهەنگی شیعەکان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت ئاماژەی بەوەکرد:" پاش ئەوەی درەنگانی شەوی رابردوو پەیوەندییەکی تەلەفونی لەنێوان سەدڕ و مالیکی ئەنجامدراو، تیایدا دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسی عێراق تاوتوێکرا، ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکەی بەپەلەی لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو سەرکردەیە ئەنجامدا".

ئەوەشیخستەڕوو:" نوری مالیکی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، سەدڕ پێشنیاری کردووە ناکۆکییەکانی نێوان کۆتایی پێبهێنن و هەروەها بە هەماهەنگی نێوانیان جەعفەر سەدڕ باڵیۆزی عێراق لە لەندەن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق دیاریبکەن".

راشیگەیاند:" مالیکی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بە سەدڕی راگەیاندووە پێویستە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لە نێوان رەوتی سەدڕ و هەماهەنگی شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق دیاریبکرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد:" لە ئێستادا رەوتی سەدڕ و هەماهەنگی شیعەکان کۆکن لەسەر ئەوەی جەعفەر سەدڕ بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بکەن و لە داهاتووشدا گفتوگۆی زیاتر لەوبارەیەوە دەکەن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×