لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر، عێراق بەڕەسمی داوای رونكردنەوە لە ئێران دەكات
  2022-03-13       252       

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی داوای رونكردنەوەی رون و راشكاوی لە ئێران كردوە سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكەی سەر شاری هەولێر و چاوەڕێی هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی ئێرانە بۆ رەتكردنەوەی ئەو دەستدرێژییە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، كۆبونەوەیەكی بەپەلەی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر، ئەنجامدا.

لەدوای كۆبونەوەكە، ئەنجومەنەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو دەستدرێژییە موشەكییەی كە لە خاكی ئێرانەوە، شاری هەولێری كردە ئامانج، دەستدرێژی بۆ سەر پەیوەندی لەمێژینەی هەردو وڵاتی دراوسێ و پێشێلكردنی یاساو نەریتە نێودەوڵەتییەكانیشە.

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رایگەیاندوە، عێراق پێشێلكردنی سەروەری و بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ پاكتاوی ملاملانێی وڵاتان رەتدەكاتەوەو هەروەها رەتیشیدەكاتەوە خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربهێنرێت.

ئەنجومەنی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە عێراق لەڕێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە داوای رونكردنەوەی راشكاو و رونی لە لایەنی ئێرانی كردوەو چاوەڕێی هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی ئێرانە بۆ رەتكردنەوەی ئەو دەستدرێژییە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×