هەواڵگریی ئەمریكا: 7 هەزار سەربازی ڕوسی لە ئۆكرانیا كوژراون
  2022-03-17       641       

لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ڕۆژ بەسەر هێرشەكەی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی ئەمریكا سەربازانی ڕوسیا زیانی گەورەیان پێگەیشتووە.

ئاوێنە: ڕاپۆرتێك كە لەلایەن هەواڵگریی ئەمریكاوە دەرچووە دەڵێت، زیاتر لە حەوت هەزار سەربازی ڕوسی لەماوەی تەنها 20 ڕۆژدا لە ئۆكرانیا كوژراون.

ژمارەكە زۆر زیاترە لەو سەربازانەی بە درێژایی ساڵان ئەمریكا لە شەڕی عێراق و ئەفغانستان لەدەستیداون، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریكی ئەو ژمارە زۆرەی كوژراوان كە بەتەنها لەماوەی سێ هەفتەی شەڕدا بووە، كاریگەریی گەورەی لەسەر ورەی سەربازان دەبێت.

بەرپرسان لە پنتاگۆن دەڵێن، ڕێژەی 10%ی زیان لەهەر یەكەیەكی شەڕكەردا وایلێدەكات نەتوانێت ئەو ئەركە جێبەجێ بكات كە بۆی ڕاسپێردراوە. ئەگەر ئەوە لە بەرچاوبگیرێت كە نزیكەی 150 هەزار سەرباز بەشداری لە شەڕەكەدا دەكەن، لەكاتێكدا ژمارەی برینداربووان بە نێوان 14 بۆ 21 هەزار دەخەمڵێندرێت.

لە 24ی شوباتی ڕابردووی شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكرد، لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتەدا هێشتا تەنها یەك شار لەلایەن سەربازانی ڕوسییەوە كۆنتڕۆڵكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×