رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، تا ئێستا ٨١٦ هاوڵاتی مەدەنی لەشەڕی روسیا - ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە، ھەزارو ٣٣٣ کەسی دیكهش برینداربون. هاوكات سێ ملیۆنو ٢٧٠ ھەزارو ٦٦٢ پەنابەریش رویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا.
ئاوێنه: کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکانەوە (OHCHR) لهڕاگهیهندراوێكدا ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ١٦ی ئادار لانیکەم ٨١٦ هاوڵاتی مەدەنی بەھۆی شەڕی نێوان روسیا - ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوەو ھەزارو ٣٣٣ کەسی دیکەش برینداربون.
لە راگەیەندراوەکەدا، جارێکی دیکە ھۆشداریی لەوە دراوە کە ئەگەری ھەیە ژمارەی کوژراو و برینداران لە ریزی خەڵکی مەدەنیدا زۆر لەو ژمارەیە زیاتر بێت کە تۆمار کراوە.
نەتەوەیەکگرتووەکان لەئۆکرانیا تەنھا ژمارەی ئەو قوربانییە مەدەنییانە رادەگەیەنێت کە پشتڕاستکراونەتەوە. بەپێی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئۆکرانیا ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان بە ھەزاران کەس ھەژمار دەکرێت.
لهلایهكی دیكهوه، کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، لەراگەیەندراوێکدا ئاماری پەنابەرانی ئۆکرانیا بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ١٦ ئادار، سێ ملیۆن و ٢٧٠ ھەزار و ٦٦٢ پەنابەر لە ئۆکرانیاوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.
ئەوەش ئاشکراکراوە کە زۆرینەی ئۆکراینییەکان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێی وەکو پۆڵەندا بە (یەک ملیۆن و ٩٧٥ ھەزار و ٤٤٩) پەنابەر، رۆمانیا (٥٠٨ ھەزار و ٦٩٢) پەنابەر و مۆڵدۆڤا (٣٥٥ ھەزار و ٤٥٦) پەنابەر. ھاوکات لە ١٨-٢٣ی شوبات ٥٠ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوھانسک-ەوە چوونەتە ناو خاکی روسیا.