چێوەی هەماهەنگی دوو مەرجی سەرەكیی هەیە بۆ قبوڵكردنی كاندیدەكەی سەدر
  2022-03-22       605       

چێوەی هەماهەنگی تەنها دوو مەرجی داناوە بۆ ڕەوتی سەدر، تا بە كاندیدەكەی، (جەعفەر سەدر) ڕازیبێت بۆ بوون بە سەرۆكی حكومەتی داهاتوو، بەڵام دوو مەرجی سەرەكی و پڕناكۆكین.

ئاوێنه‌: شەوی ڕابردوو سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی لەماڵی عەمار حەكیم كۆبوونەوە، هەریەك لە نوری مالكی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی و چەند سەركردەیەكی دیكەی شیعی ئامادەیبوون.

بەپێی میدیا عێراقییەكان، كۆبوونەوەكە هیچ دەرەنجامێكی وای نەبووە، تەنها ئەوە نەبێت چێوەی هەماهەنگی مەرجەكانی بۆ قبوڵكردنی كاندیدەكەی ڕەوتی سەدر بۆ بوون بە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو كەمكردووەتەوە و وا دەردەكەوێت تەنها دو مەرج مابن، وەك بە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا دەردەكەوێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، چێوەی هەماهەنگی مكوڕە لەسەر دەستگرتن بە ماوە دەستوورییەكانەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە باڵاكانی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران، هەروەها ڕەتیدەكاتەوە هیچ مەیلێكی هەبێت بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، بۆیە دەڵێت، “پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی دەكەین بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە و كۆتاییهێنان بە داخرانی سیاسی”.

بەڵام سووریشن لەسەر ئەوەی “هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بەرپرسیارێتیی بونیادنان و چاكسازی لە قۆناغی داهاتوودا هەڵگرن، بەشدارییان پێبكرێت و هیچ لایەنێك پەراوێز نەخرێت”، وا دەردەكەوێت ئەمە مەرجی یەكەم بێت.

چێوەی هەماهەنگی مافی “گەورەترین پێكهاتەی كۆمەڵگە”، كە مەبەستی شیعەكانە، لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلە دووپاتدەكاتەوە، ناوی ناوە “یەكەم مافی دەستووری”، كە میدیای عێراقی وا لێكیانداوەتەوە، چێوەی هەماهەنگی بیەوێت لەگەڵ ڕەوتی سەدر پێكەوە گەورەترین كوتلە پێكبهێنن و كاندیدەكەی سەدر بە هاوبەشی پێشكەش بكەن، ئەمەش مەرجی دووەمی قبوڵكردنی كاندیدەكەی ڕەوتی سەدرە.

دیار نییە ڕەوتی سەدر بەو دوو مەرجە ڕازیدەبێت یان نا، بەو پێیەی پێشتر دژی بەشداریپێكردنی نوری مالكی بوو لە حكومەتدا، هەروەها لەبارەی گەورەترین فراكسیۆنیشەوە، ڕێككەوتنی لەگەڵ سوننەكان و پارتی هەیە.

ئەمە لەكاتێكدا دوێنێ موقتەدا سەدر لە تویتێكدا داوای لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كرد بەشداریی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكەن، ئەگەر ئەوەیان كرد، لە حكومەتدا پشكیان پێدەدات.

سەدر ئەو هەوڵەشی ناونابوو “دواهەل” بۆ گەیشتن بە چارەسەر و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت، ئەگەر نا “شكستی خۆم ڕادەگەیەنم”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×