سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: ڕۆژی پێنجشەممە چوارچێوەی هەماهەنگیی هاوکێشەی سیاسیی لەعێراقدا هەڵدەگێڕێتەوە
  2022-03-23       1037       

سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕاگەیەندراوێکی لەناکاوی دەبێت‌و هاوکێشەی سیاسیی لەعێراقدا سەرلەبەری هەڵدەگێڕێتەوە.

ئاوێنه‌: کازم حەیدەری سەرکردەی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە بەشێکە لەچوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان لەمیانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی "فوڕات نیوز" ڕایگەیاند، "هاوپەیمانی جێگیری نیشتیمانیی (چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتر) ژمارەی پەڕلەمانتارەکانی 132 پەڕلەمانتاری تێپەڕاندووەو لەدانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران کە تایبەتە بەهەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار دەتوانێت سێیەکی پەکخەر درووست بکات".

ده‌شڵێت:"بەڵام هاوپەیمانی سێقۆڵی لەڕێگای پێدانی پلەو پۆست‌و بڕە پارەیەکی زەبەلاح دەستیانکردووە بەکڕینی چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، کە تویتەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر لەوبارەیەوە ڕوون‌و ڕاشکراوبوو".

سەرکردەی دەوڵەتی یاسا وتیشى:"لەهەموو حاڵەتەکاندا چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕۆژی پێنجشەممە لەڕێگای هەڵگێڕانەوەی سەرلەبەری هاوکێشە سیاسییەکە سوپرایز درووستدەکات".

بەوتەی حەیدەری، "تویتەکەی موقتەدا سەدر مانای کۆتاییهێنانە بەدانوستانەکان لەگەڵ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی، لەبەرئەوەی پەنای بۆ هەموو لایەنەکان بردووە تەنها لەدەرگای چوارچێوەی هەماهەنگیی نەداوە".

هەروەک جه‌ختیكرده‌وه‌، "هێشتا چەند ڕۆژێک ماوە دانوستانی تێدابکرێت، بەڵام بەدڵنیایی دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممە نیسابی یاسایی تەواو نابێت، بۆیە لەوکاتەدا لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبین کە ئەویش یان گەڕانەوەی هاوپەیمانی سێقۆڵی بۆ دانوستانەکان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی یان ڕۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنێکی نوێ".

حەیدەری باسی لەوەشکرد، "با کەس گرەو لەسەر پەڕلەمانتارە سەربەخۆکان نەکات، لەبەرئەوەی ئەوان یەک کوتلە نین‌و هەر گرووپە بۆچوونێکیان هەیە، ئەوەی بزووتنەوەی ئیمتیداد وتویەتی، کە بەشداریی دانیشتنی داهاتوو دەکات گوزارشت لەڕای هەموو پەڕلەمانتارە سەربەخۆکان ناکات".

ئه‌وه‌شى وت:"هاوپەیمانی سێقۆڵی ناتوانێت کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تێپەڕێنن، بۆیە سیناریۆی گریمانکراو ئەوەیە کە ئەگەر پێکهاتەی شیعە لەناوخۆیاندا نەگەنە سازان، ئەوە دوای دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممە موقتەدا سەدر لەتویتێکدا ڕۆیشتنیان بەرەو ئۆپۆزسیۆنبوون ڕابگەیەنێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×