بافڵ تاڵەبانی لە بەغدایە
  2022-03-25       419       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ هەینی، بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حزبەكەی گەیشتە بەغداو بڕیارە كۆمەڵێك دیداری لەگەڵ چەند لایەنێك هەبێت.

ئاوێنە: بەپێی میدیای رەسمی یەكێتی، ئەمڕۆ هەینی، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەسەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای یەکێتیی لە بەغدایەو کۆمەڵێک دیدار و کۆبونەوەی دەبێت لەسەر پرۆسەی سیاسیی عیراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە بەغدایە.

بڕیارە سبەی شەممە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەبچێت.

پارتی و یەكێتی دو كاندیدی جیایان بۆ پۆستەكە هەیە. ئەو بەرەیەی پشتیوانی كاندیدەكەی پارتین و لەچوارچێوەی هاوپەیمانی رزگاریی نیشتماندا كۆبونەتەوە، هەوڵی ئەوە دەدەن نیسابی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەكەی سبەینێ كۆبكەنەوە كە پێویستی بە دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە یەكێتیش هاوڕایانە، هەوڵی پەكخستنی دانیشتنەكە دەدەن.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×