هاوپەیمانی ئیشراق کانون بەمەرج بەشداری کۆبونەوەکەی رۆژی شەممە دەکات
  2022-03-25       608       


هاوپەیمانی ئیشراق کانون کە هاوپەیمانییەکە لەنێوان 10 پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هاوپەیمانییەکەیان پڕۆژەیەکیان هەیە و ئەگەر کوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی پڕۆژەکەیان پەسەندبکات بەشداری کۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکەن، بەپێچەوانەوە بایکۆتی کۆبونەوەکە دەکەن.

ئاوێنه‌: هاوپەیمانی ئیشراق کانون لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بەشداریکردنیان لەکۆبونەوەکەی رۆژی شەممە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بۆ راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و داڕشتنی بنەمایەک بۆ کارکردنی زۆرینەی سیاسی بەرەچاوکردنی بونی ئۆپۆزسیۆنێک کە بتوانێت ئەرکە و رۆڵی خۆی لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا جێبەجێ بکات.

ئەوەش هاتوە، هاوپەیمانییەکەیان داوای حکومەتێکی بەهێز دەکات بەبێ پەراوێزخستنی سیاسی و دورخستنەوەی لایەنەکان لە بەشداری حکومەت، لە هەمان کاتیشدا حکومەتی سازان کە هەمو لایەنەکان تیایدا بەشداربن رەتدەکەنەوە، هەروەها داوای چاکسازی دەکەن بەجۆرێک سەرۆکایەتییەکان، دەستە سەربەخۆکان بگرێتەوە و پێوەر و بنەما هەبێت بۆ دانانی وەزیر و بەرپرسان، هەروەها کوتلەی زۆرینە بەڵێنی چاکسازی سیاسی، ئابوری بدات و بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە.

هاوپەیمانی ئیشراق داواش دەکات حکومەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی کۆتایی پێبهێنرێت، پشک پشکێنە و گەندەڵی سیاسی بنڕبڕ بکرێت، لایەنەکان لەنێوان بەرەی حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا کار بکەن، بەجۆرێک هەمو لایەنێک دیاربێت کەئەرکی حکومڕانی دەبینێت یان دەبێتە چاودێر بەسەر حکومڕانەکانەوە.

رۆژی شەممەی داهاتو (26-3-2022) پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆدەبێتەوە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێویستە دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان کە دەکاتە 220 ئەندام لە دانیشتنەکەدا ئامادەبن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×