نوێترین زانیاری لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق
  2022-03-26       417       

هێشتا زەنگی چونە ژورەوە بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەستی پێ نەكردوەو لایەنەكان بەجیا دەستیان بە كۆبونەوەی چڕ كردوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رەسمی عێراقی، "سەرجەم پەرلەمانتارانی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكە" كە لە كوتلەی سەدرییەكان، پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەكان پێكدێت گەیشتونەتە هۆڵی پەرلەمان و هەروەها پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و فراكسیۆنی ئیمتیدادیش گەیشتونەتە پەرلەمان.

بەپێی ئاژانسەكە لەئێستادا ئەو فراكسیۆنانە بەجیا لە كۆبونەوەدان.

هەروەها بەپێی زانیارییەكانی میدیا عێراقییەكان لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی لە دەرەوەی پەرلەمان، لە كۆبونەوەدان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی لە ماڵی جەلال تاڵەبانی لە بەغدا لەكۆبونەوەدان.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیاریەتییە بۆ هەمو لایەنەکان و هەمو هەوڵێک دەدەین کۆبونەوەکە بکرێت.

بەڵام سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەوە دەكەنەوە كە هاوپەیمانی سێقۆڵی ناتوانێت نیسابی یاسایی بۆ كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كۆبكاتەوە.

توركی عوتەیبی، لە لێدوانێكدا جەختی كردۆتەوە كە بەدەستهێنانی نیسابی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەستەمە.

ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی وتوشیەتی"سەركردەكانی هاوپەیمانی سێقۆڵی دەزانن بەدەستهێنانی نیساب بۆ كۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەستەمە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×