سەدرییەكان و هاوپەیمانی سیادە 17 خاڵەكەی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵكیان ئیمزاكرد
  2022-03-26       872       

كەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاویكردەوە كە فراکسیۆنى سەدرییەكان و هاوپەیمانی سیادە سوننەکان 17 خاڵەکەی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک(نەوەی نوێ و ئیمتیداد)یان ئیمزاكرد کرد.

ئاوێنە: بەپێی دەقی ئەو وەرەقەیەی كە 17 خاڵەكەی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك لەخۆدەگرێت و لەلایەن كەناڵەكەوە بڵاوكراوەتەوە، هەریەكە حەسەن عەزاری، سەرۆكی فراكسیۆنی سەدرییەكان، شەعلان كەریم، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی سیادە، سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و عەلا ركابی، سەرۆكی فراكسیۆنی ئیمتیداد، ئیمزای وەرەقەكەیان كردوە.

بەوپێیە بێت هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكات.

پێشتر وتەبێژی نەوەی نوێ رایگەیاندبو، تا ئەو 17 خاڵە لایەن كوتلەی سەدرییەكانەوە ئیمزا نەكرێت ناچنە ژورەوە بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.

 

ئەو 17 خاڵەی لەلایەن هاوپەیمانی لەپێناو خەڵکەوە پێشکەشی کوتلەی سەدرییەكان كراون ئەمانەن:

١- حکومەت نرخی نەوت و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزێنێت لە پێناو هاوڵاتییاندا لەسەرتاسەری وڵاتدا و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بەهۆکاری ئەو دۆخە سەختەی هاوڵاتییانی هەرێم پێیدا تێپەردەبن.

٢- بڕی سوتەمەنی بڕیاردراو "نەوت و بەنزین" رەوانەی هەرێم بکرێت لەگەڵ زیادکردنی پشکی هەرێم تیایدا.

٣- ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەوەی لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی پێشوەوە زیانیان بەرکەوتوە، وەک هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان (کەلار  وکفری).

٤- کردنەوەی لقی بانکەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە هەرێم و پێدانی قەرز و پێشینەکان هاوڵاتییانی هەرێمیش بگرێتەوە.

٥- هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ موچەی هێزەکانی عێراق و بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغداوە موچە بدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.

٦- هەوڵبدرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەگوێرەی میکانیزمێکی ئابوری کار لەسەر کراو و  پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت بەرامبەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.

٧-لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکوژان و خوێنڕێژانی گەنجانی تشرین (روداوەکانی سنک و گۆڕەپانی شۆرشی تشرین و گۆڕەپانی سەدر و گۆڕەپانی فڕۆکەخانە و سەرجەم گۆڕەپانەکانی دیکە) لەسەرو هەموشیانەوە روداوەکانی حزری زەیتون و  ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی وەک "جەمیل شمری و حادل دەخیلی و عومەر نزار " و ئەوانی دیکەش.

٨- ئاشکرا کردنی سەرجەم ئەوکەسانەی رفێندراون و چارەنوسیان دیارنییە و بەدواداچون بۆ ئەم دۆسییەیە بکرێت بەشێوەیەکی زۆر باش لەنێویشیاندا دۆسییەکانی "سەجاد عێراقی و فەرەح بەدری و واعی جبوری و عەلی جاسب و جەلال شەحمانی".

٩- لێبوردنی گشتی و تایبەت بۆ سەرجەم خۆپیشاندەران دەربکرێت و بە بێ تاوان بناسێنرێن.

١٠- چارەسەری راستەقینە و دروست بۆ  دۆسیەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنرێت و هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت.

١١- کار لەسەر پرۆژەی فاو بکرێت و کەمترین ماوەش بۆی دو ساڵ بێت و بە جدی کاری لەسەر بکرێت و پێداچونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن تیایدا بکرێت.

١٢- یاسای داواکاری گشتی چالاک بکرێت.

١٣- جێبەجێکردنی یاسای پارت و حیزبەکان و رێگەنەدان بە هیچ پارتێک هێزی چەکداری هەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتی کارکردنی سیاسی لێ بسەنرێتەوە.

١٤- یاسایەک دەربکرێت لەبارەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری.

١٥- سەرجەم ئەو یاسایانە هەڵبوەشینرێنەوە کە ئازادی رادەربڕین و رەخنگرتن لە هێماکانی دەسەڵات و جگە لەوانیش سنوردار دەکات کە پەیوەستە بەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشێنراوەوە سەرچاوەیان گرتوە و بگۆڕدرێن بە یاسایەک پشتیوانی لە ئازادی بکات.

١٦- بەرنامەیەکی رون دابنرێت و میکانیزمی سەرکەوتوی بۆ دانبرێت و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار لە هەردو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بێ کارن.

١٧- گەرەنتی کردنی دەستە سەربەخۆکان لە رێگەی دحزینەوە میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و دورخستنەوەی هەر دەستوەردانێکی حزبی و پشکپشکێنە لە پێکهێنانیدا و دەسەڵاتە چاودێرییەکانی فراوانتر بکرێن وەک دەستەی دەستپاکی.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×