پەرلەمانتارێکی سەر بەهاوپەیمانی فەتح کە بەشێکە لە"چوارچێوەی هەماهەنگی"ی لایەنە شیعییەکانی نزیک لەئێران ڕایگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران کە تایبەتە بەدەنگدان بەکاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار، شکستدەهێنێتو نیسابی یاسایی تەواو ناکات، لەبەرامبەردا پەڕلەمانتارێکی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان جەختیکردۆتەوە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو پەڕلەمانتارە سەربەخۆیانەی پشتیوانی هاوپەیمانی سێقۆڵیی دەکەن، دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممە نیسابی یاسایی تەواو دەکات.
ڕەفیق ساڵحى پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەبەرئەوەی هیچ جۆرە سازانێکی پێشوەختە لەنێوان ڕەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەوە نییە، بۆیە ناتوانرێت نیسابی یاسایی دانیشتنەکە تەواوبکرێت".
جەختیشیکردهوه، سێیەکی پەکخەر هێشتا وەک خۆی ماوەتەوەو دەتوانن ڕێگە لەگرێدانی هەر دانیشتنێکی پەڕلەمان بکەن.
بەوتەی ساڵحی، "ژمارەی پەڕلەمانتارانی بەرەی سێیەکی پەکخەر بەراورد بەدانیشتنەکەی ڕۆژی شەممە بەرزتربۆتەوە، بۆیە بەرەی هاوپەیمانی سێقۆڵی جگە لەدانووستانو ڕێککەوتن هیچ بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە".
لەبەرامبەردا دڵشاد شەعبان پەڕلەمانتاری پێشووی پارتی لەپەڕلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، لەدانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ژمارەیەکی نوێی پەڕلەمانتاری سەربەخۆ بەشداریدەکەن، بۆیە هاوپەیمانی سێقۆڵی دەتوانێت ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکەی پەڕلەمان تەواو بکات.
شەعبان جەختدهكاتهوه، پارتی سوورە لەسەر کاندیدکردنی ڕێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن، پارتی دەیەوێت ناوبراو بگۆڕێتو کەسێکی تر بۆ ئەو پۆستە کاندیدبکات.