راگەیەندراوێكی هاوبەش لە پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەكانەوە لەبارەی تویتەكەی سەدر
  2022-04-01       879       

پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننەكان لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا جەخت لە پابەندبونیان بە هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكە دەكەنەوە و دەشڵێن: بەبێ بەشداری كوتلەی سەدری ناتوانرێت حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنرێت.

ئاوێنە: پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننەكان، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند، لەكاتێكدا كە هەڵوێستی موقتەدا سەدرو دەستپێشخەرییەكانی بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە كار بۆ چارەسەری دۆسییە ئاڵۆزەكان بكات، بەرزدەنرخێنین، جەختیش لە "پابەندبونمان بە هاوبەشیمان لەگەڵ كوتلەی سەدری دەكەینەوەو بەبێ شەراكەتی ئەوان ناتوانرێت حكومەتێكی بەهێز لە دایك ببێت."

هەروەها لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەدا هاتوە، "ئێمە لە هاوپەیمانی سیادەو پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕونی رایدەگەیەنین كە پابەندین بە هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمان بەوپێیەی هیوایەكە كە عێراقییەكان چاوەڕێی دەكەن."

هەروەك جەختیشیان كردۆتەوە كە پەرۆشن بۆ "گفتوگۆیەكی بونیادنەر لەگەڵ هەموان بەدور لە دەستوەردانی دەرەكی."

پارتی و هاوپەیمانی سیادە جەختیان لە پەرۆشیشیان بۆ "لێكتێگەیشتنی نێو ماڵی شیعەكان و رێككەوتنیان لەسەر ناونانی كاندیدێك لە كوتلەی سەدری بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردۆتەوە."

ئەوەش لەدوای ئەوە دێت كە شەوی رابردو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا رایگەیاند، نزیكەی 40 رۆژ دەرفەت بە لایەنەكانی "سێیەكی پەكخەر" دەدات، كە چوارچێوەی هەهامەنگی زۆرینەی ئەو لایەنانە پێكدێنێت، دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بە بێ كوتلەی سەدر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×