ئێران گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ پێش سزاکان ڕاگەیاند
  2022-04-05       437       


ئێران توانای بەرهەمهێنانی نەوتی لە وڵاتەکەی بۆ پێش سەپاندنی سزاکان لە ساڵی 2018 ئاشکراکرد، کە ئەمریکا دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی سزای توندی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

موحسن خەجستەمیهر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئێران بە ئاژانسی ئیرنای فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، “بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەمان گەڕاوەتەوە ئاستی بەرلە سزاکان”.

ئێستا ئێران لە دانوستاندایە لەگەڵ گەورە وڵاتانی جیهان بۆ گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015، کە دەتوانێت تائاستێک سزاکانی ئەو وڵاتە کەمبکاتەوە بەتایبەت لەرووی هەناردەکردنی نەوتەوە، لەبەرامبەر مەرجدارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئەمریکا لەماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 ڕاگەیاند، هەروەها سزاکانی جارێکی دیکە گەڕاندەوە بۆسەر تاران، دواتریش تاران بەشێوەی پلە بە پلە دەستبەرداربوونی لە پابەندبوون بەو ڕێککەوتنە جێبەجێکرد.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی لەوەکردووە، ئاستی بەرهەمهێنانیان بۆ بەرلە سزاکان گەڕاندووەتەوە بە تێکڕای 3.8 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە.

جەختیشیکردەوە، “لەئەگەری ئاڵۆزیی دۆخی بازاڕی وزەی جیهان ئێران دەتوانێت سەقامگیری بۆ بازاڕی وزە بگەڕێنێتەوە”.

ڕۆژی هەینی جەواد ئوجی وەزیری نەوتی ئێران ئاشکرایکرد، داهاتی نەوتی وڵاتەکەی بۆ ساڵی ڕابردوو کە لە 20ی ئازاردا کۆتاییهات، گەیشتووەتە 18 ملیار دۆلار، کە دوو هێندە و نیوی ساڵی ڕابردووتربووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×