نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش لەموسڵ چەکی کیمیایی بەکارھێناوە
  2022-04-05       434       


سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی داعش رایگەیاند، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەمیانی کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ گازی خەردەلی‌ قەدەغەکراوی‌ بەکارھێناوە.

ئاوێنه‌: کریستیان ریچێر، سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی داعش لەلێدوانێکدا بەرۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقی راگەیاندووە، ھەنگاوی باشیان لەلێکۆڵینەوەکان لەتاوانەکانی داعشدا ناوە. وتیشی‌، "لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا، ئەوەمان بۆ پشتڕاست بووەتەوە کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش چەکی کیمیایی بەتایبەتیش گازی خەردەلی‌ لەشاری موسڵ بەکارھێناوە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی قەدەغەکراوە".

ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، داعش بەھەڕەمەکیی ئەو کارەی نەکردووە، بەڵکو لەرێگای کەسانی شارەزاو بەئامێرەکانی زانکۆی موسڵ چەکی کیمیایی دروستکردووە، "بەردەوامین لە لێکۆڵینەوەکان لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە مووسڵ، ئەوەش یەکێکە لە تاوانەکانی رێکخراوەکە".

کریستیان ریچێر باسی لەوەش کردووە کە تیمەکانیان لێکۆڵینەوەیان لەتاوانەکەی سپایکەر کردووە کە بەقێزەونترین تاوانەکانی جەنگ دادەندرێت و رایگەیاندووه‌، "تیمەکانمان لە رێگای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانەوە، ھەوڵدەدەن بەڵگە لەسەر ئەو تاوانانە کۆبکەنەوە کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ئەنجام دراون".

وتیشی، "پاڵپشتی لەو لێکۆڵینەوانەش دەکەین کە لەئێستادا دژبە تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەک وڵات ئەنجام دەدەرێن، بۆ نموونە ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بەم دواییانە لە ئەڵمانیا ئەنجام دران کە تیایدا تیرۆریستێکی داعش بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی، تاوانبار کرا".

سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ئاشکراشیکرد کە تیمەکانیان بە ھاوکاری لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کار لەسەر بەدۆکۆمێنتکردنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکەن کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە کە ئەوەش بەشێکە لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەسەر تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×