چوارچێوەی هەماهەنگی: هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران بابەتێکە تایبەت بە نێوماڵی شیعە
  2022-04-07       646       

چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران بابەتێکە تایبەت بە نێوماڵی شیعە و دەشبێت تەنها لە نێو ئەواندا بمێنێتەوە، بەڵام رەوتی سەدر بەردەوام رەتی دەکاتەوە. دەشڵێت، "هەرگیز لە داواکارییان بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پاشگەزنابنەوە و ناکشێنەوە".

ئاوێنە: حەیدەر لامی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەرگیز لە داواکاری پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پاشگەزنابێتەوە و دەستبەرداری نابێت.

ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت، فراکسیۆنی خاوەن زۆرترین کورسی پەرلەمانی گەرەنتی بنەڕەتی بەردەوام بوونی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا دەکات، چونکە رەنگڕێژی قۆناغی داهاتوو دەکات لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی وڵاتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە چوارچێوەی هەماهەنگی رەوتی سەدر بگەنە رێککەوتن بە ئامانجی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، چونکە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پەیوەندی بە نێوماڵی شیعەوە هەیە و پێویستە هەر لەنێوخۆی ماڵی شیعەدا بمێنێتەوە، بەڵام رەوتی سەدر بە تەواوەتی ئەمە رەتدەکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ماوەی ٤٠ رۆژ مۆڵەتی دا بە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×