رۆژنامەی سەباح: قەیرانە داراییەكەی لوبنان گورزێكی گەورەی لە گەندەڵە عێراقییەكان داوە
  2022-04-09       932       

رۆژنامەی سەباحی رەسمی عێراق، رایگەیاند، قەیرانی دارایی لوبنان گورزێكی گەورەی لە ملیۆنان دۆلاری ئەو گەندەڵە عێراقییانە داوە كە پارەكانیان لە عێراقەوە بردۆتەوە بانكەكانی ئەو وڵاتەو ملیۆنان دۆلار لە بانكەكانی لوبنان بۆتە هەڵم.

ئاوێنە: رۆژنامەكە، لە راپۆرتێكدا كە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە كە پسپۆڕانی بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، قەیرانە داراییەكەی لوبنان بە فیشەكی رەحمەت بۆ ئەو گەندەڵانەی عێراق ناودەبەن، كە پارەكانیان لەوێ داناوە.

راپۆرتەكەی رۆژنامەی سەباح هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "ئەوەی ئاژانسە هەواڵییەكان لەبارەی بەهەڵمبونی ملیۆنان دۆلار لە بانكەكانی لوبنان باسی دەكەن، دوای راگەیاندنی مایەپوچبونی لوبنان و پەیوەندی ئەم مایەپوچبونە بەو پارانەی كە مافیاكانی گەندەڵی لە عێراق ئاودیویان كردوە، ئابڕوچونێكی نوێیە كە ئاستی گەندەڵی لە عێراق ئاشكرا دەكات."

 محەمەد رەحیم، روبەیعی سەرۆكی تۆڕی نەهرەین بۆ پاڵپشتی دەستپاكی‌و شەفافیەت كە ئەندامە لە هاوپەیمانی رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی وتویەتی"ئەو قەیرانە داراییەی كە ماوەی سێ ساڵە لە لوبنان هەیە، گورزێكی گەورەی لە سەرجەم ئەو گەندەڵانە داوە كە پارەكانیان لە عێراقەوە بۆ ئەو وڵاتە بردوە."

روبەیعی ئاماژەی بەوەشداوە كە خاوەندارێتی زۆربەی ئەو پارانەی لە عێراقەوە بۆ لوبنان براون بۆ ئەو گەندەڵە عێراقییانە دەگەڕێتەوە كە بەدرێژایی ماوەی رابردو پۆستی هەستیاریان وەرگرتوە یاخود حزبە سیاسییەكانن كە نەوت‌و سامانە سروشتییەكانیان بەقاچاخ بردوە‌و ئەو پارانەیان خستوەتە بانكەكانی لوبنانەوە.

مستەفا ئەكرەم حەنتوش، پسپۆڕی ئابوری، هۆكاری دانانی پارەی عێراقییەكانی لە بانكەكانی لوبنان بۆ "نەبونی لێپرسینەوە لە سپیكردنەوەی پارە لە بانكەكانی لوبنان" گەڕاندۆتەوە كە ئەوەش "سیاسەتمەدارو بازرگانەكانی هانداوە بۆ ئەوەی پارەكانیان لەوێ دابنێن."

بەگوێرەی راپۆرتەكانی ئاژانسە عەرەبی و جیهانییەكان قەبارەی ئەو پارانەی عێراق كە بەشێوەیەكی ناڕەسمی لە بانكەكانی لوبناندا دانراون بە نزیكەی (18 ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت، هەندێك راپۆرت دەڵێن زیاتر لە (50 ملیار) دۆلارە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×