25 بیانیی لە سەر سنوری عێراق دەستگیرکران
  2022-04-10       506       

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، 25 کەسی بیانی کە 22یان ھەڵگری رەگەنامەی پاکستانی بون لە كاتێكدا هەوڵی بەزاندنی سنوری عێراقییان داوە دەستگیرکراون.

ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە ھێزەکانی فەوجی سێ سەربە لیوای 10ی پاسەوانی سنوور، 22 کەسی بیانییان دەستگیرکردوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی ھاتوونەتە ناو خاکی عێراق.

ئاماژەی بەوەشدا، دەستگیرکراوەکان ھەڵگری رەگەنامەی پاکستانن و ئەوەشی خستوەتەڕو کە لەکاتی دەستگیرکردنی کەسەکاندا، دەست بەسەر بڕێک ماددەی ھۆشبەردا گیراوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاندوە کە ھێزێکی فەوجی سێ سەربە لیوای 10ی پاسەوانی سنور، بە پشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، سێ کەسی دیکەیان دەستگیرکردوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی ھاتونەتە ناو خاکی عێراقەوە، ئەو سێ كەسە سێ چەكی جۆری كڵاشینكۆف و ئۆتۆمبێلێكیان پێ بوە.

لە راگەیەندراوکەدا باس لەوەش کراوە، دەستگیرکراوەکان لەگەڵ ئەو كەرەستانەی پێیان گیراون رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون بۆ ئەوەی  رێوشوێنی یاساییان لەدژ بگیرێتەبەر.

دوێنێش ئاژانسی هه‌واڵگری عێراقی ئاشكرایكردبو، 30 كۆچبه‌ر ده‌ستگیر كراون كە به‌قاچاخ په‌ڕیونەتەوە ناو خاكی عێراق و خەڵكی وڵاتانی ئاسیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×