وەزارەتی‌ نەوت: هەرێم سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی بۆ حکومەتی عێراق بنێرێت
  2022-04-12       713       
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی‌ عێراق

وەزارەتی‌ نەوتی‌ عێراق رایدەگەیەنێت کە دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاكانی‌ بواری‌ نه‌وت بۆ حکومەتی عێراق بنێرێت. به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت كه‌ دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی نەوتی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ ئەو کۆمپانیایە بگوازرێتەوە کە دروست دەکرێت.

ئاوێنه‌: ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی‌ عێراق له‌لێدوانێكی‌ ته‌له‌فیزیۆنیدا رایگەیاند، دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاكانی‌ بواری‌ نه‌وت بۆ حکومەتی عێراق بنێرێت، هه‌روه‌ها دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی نەوتی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ ئەو کۆمپانیایە بگوازرێتەوە کە دروست دەکرێت.

بەپێی نوسراوێک کە رۆژی 2022/3/24 وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، داوا کراوە لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیدا، کۆمپانیایەک دروستبكرێت بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت‌و غازی ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە سەربەحکومەتی ناوەند دەبێت‌و ناوی لێنراوە (KROC)و بارەگا سەرەکییەکەی لەھەولێر دەبێت.

ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی‌ بەوەشکردوە، دەبێت هەژمارێکی بانکیی لەیەکێک لەبانکە جیهانیەکان بکرێتەوە، کە وەزارەتی دارایی خاوەندارێتی دەکات‌و داهاتی نەوتی هەرێم دەچێتە ئەو بانکەوە.

وەزیری نەوتی‌ عێراق ده‌ڵێت، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاكییە نەوتییەكانی‌ هه‌رێم دەسپێردرێت بەکۆمپانیایەکی‌ نەوت، دەسەڵات‌و پێوەرەكانی كاركردنی كۆمپانیاكە لەلایەن كۆمپانیای نیشتمانی نەوت‌و وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ئامادە دەكرێت.

لێدوانه‌كه‌ی‌ وەزیری نەوتی‌ عێراق دوای‌ بڕیارەكه‌ی دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ عێراق دێت كه‌ لەڕۆژی‌ 2022/2/15 دەرچوو، تێیدا یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 بەنادەستوری وه‌سفكردو هەڵیدەوەشێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×