وائیل روكانی ئەندامی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا پێی وایە، چانسی مستەفا كازمی بۆ دوبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لاوازە و چەندین پاڵێوراوی تر هەن كە چانسیان زیاترە.
ئاوێنه: وایئل روكانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، پۆستی سەرۆك وەزیران مافی پێكهاتەی شیعەیە، هەروەك چۆن سەرۆك كۆمار مافی كوردە و سەرۆكی پەرلەمان مافی سونەیە.
وتوشیەتی، بۆیە پێویستە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بە رێكەوتنی نێو ماڵی شیعە دیاری بكرێت، لە نێوان هێزە شیعیەكانی وەك چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر و سەربەخۆكان.
سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن مستەفا كازمییەوە باسی لەوە كردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی ئاشكرا بوو و دژی نوێكردنەوەی ولایەتی سێ سەرۆكایەتییەكە بوو، بەڵام هاوپەیمانی سێقۆڵی محەمەد حەلبوسیان كردەوە بە سەرۆكی پەرلەمان بۆیە بۆ سەرۆكی كۆمار و سەرۆك وەزیرانیش رێی تێدەچێت رووبدات، بەڵام مستەفا كازمی چانسی لاوازە و كاندیدی تر هەن كە چانسیان بەهێزترە.