وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "بە توندی ئۆپراسیۆنی تورکیا لە باکوری وڵات (هەرێمی کوردستان) ڕەتدەکەینەوە".
ئاوێنه: ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (18ی نیسانی 2022) دەڵێت، حکومەت ئەو ئۆپراسیۆنەی تورکیا بە دەستدرێژیکردن بۆسەر "سەروەری وڵات" دەزانێت.
دەشڵێت، ئۆپراسیۆنەکە "پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێی باشە" و ڕاشیگەیاند، "حکومەتی عێراق جەختیکردەوە خاکی عێراقی نابێتە بارەگا و ڕێڕەوی زیانگەیاندن و ئازاردانی هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ."
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی عێراق نابێتە گۆڕەپانی ناکۆکییەکان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی لایەنە دەرەکییەکان.
ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڤیدیۆی هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی رابردووی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش دەڵێت، ئامانجەکانیان پێکاوە.