وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق نامه‌یه‌كی ناڕەزایی توند ده‌داته‌ باڵیۆزی تورکیا له‌ به‌غدا
  2022-04-19       699       


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا بانگكرد و داوای رونكردنه‌وه‌ی لێكردوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ فراوانه‌كه‌ی سوپای توركیا كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردوه‌، هاوكات نامه‌یه‌كی توندی ئاڕاسته‌كردوه‌.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ بانگهێشتی عەلی رەزا گۆنای، باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا كراوه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ فراوانه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ داوای رونكردنه‌وه‌ی لێكراوه‌، كه‌ كاریگه‌ری كردوه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌ و نامه‌یه‌كی توندی راده‌ستكردوه‌ و داوای کۆتایی پێهێنانی ئەو کارەی كردوه‌ و سەرپێچییەکانی رەتکردوه‌تەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، حكومه‌تی عێراق به‌ فه‌رمی داوای له‌ توركیا كردوه‌ هه‌مو هێزه‌ سه‌ربازه‌كانی له‌ خاكی عێراقدا بكشێنێته‌وه‌ و رێز له‌ سه‌روه‌ری خاكی عێراق بگرێت.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باسی له‌وه‌شكردوه‌، "عێراق مافی خۆیەتی رێوشوێنی پێویست و گونجاو بگرێتەبەر بەپێی بەندەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و یاساکانی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو کارە دوژمنكارانه‌ و یەکلایەنەی توركیا، کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئەنجام دەدرێت".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، "توركیا ده‌ستدرێژی كردوه‌ته‌ سه‌ر خاكی عێراق و هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی نیه‌، چونكه‌ به‌پێی مادده‌ی 51ی دەستوری نەتەوە یەکگرتوەکان، نابێت سه‌روه‌ری هیچ ده‌وڵه‌تێك پێشێل بكرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×