وەزارەتی دارایی: عێراق ناتوانێت نەوتی زیاتر هەناردە بکات
  2022-04-20       541       


عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ئاشکرایکرد، عێراق ناتوانێت بڕێکی زیاتر نەوتر هەناردە بکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی جیهان و ئەو کەموکوڕییەی بەهۆی ڕوسیاوە دروستبووە، لەبەرئەوەی عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک.

لەسەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵئەوەی عێراق سوودمەندە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە بەهۆی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە دروستبووە، بەڵام کێشەی زۆریشی دروستکردووە لەوانە، بەرزبوونەوەی نرخی گەنم و کەرەستە خۆراکییە سەرەکییەکان.

عەلاوی جەختی لە پابەندبوونی عێراق بە بڕیارەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک کردەوە کە سعودیە سەرکردایەتیی دەکات ڕایگەیاند، “سیاسەتی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت سیاسەتێکی سەرکەوتووە”.

لەمانگ ئازاردا عێراق ڕۆژانە 4.34 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، ئەوەش کەمترە لەو بڕەی لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپیکەوە بۆی دیاریکراوە کە 4.37 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.

بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت لەمانگی ئازاردا هاوکاتە لەگەڵ گەڕانەوەی کێڵگەی قەرنەی 2 کە ماوەی دوو هەفتە لەژێر کاری چاکسازیدا بوو، لەسەرەتای مانگیشەوە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە کێڵگەی ناسریە ماوەی چەند ڕۆژێک کارەکانی ڕاگرت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×