لە ١٢ رۆژدا زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی
  2022-04-25       467       

بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی هەنگاو، لەماوەی ١٢ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی.

ئاوێنه‌: رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند:" بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوەکەمان، شەوی شەممەی رابردوو، لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە سنووری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئیسماعیل سەبوکی خەڵکی روانسەر و ئیحسان کەرەمی خەڵکی سەلاسی باوەجانی برینداربوون".

ئاماژەی بەوەشکرد:" هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی محەمەد مورادی، لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستگیرکردنی بە دوایەوە بوون بەربووەتەوە و بە سەختی بریندار بووە".

باسیلەوەشکرد:" بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوەکەمان، لەماوەی ١٢ رۆژی رابردوودا ٣٤ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بوونەتە قوربانی، کە یەکێکیان گیانیلەدەستداوە".

رێکخراوەی هەنگاو ئەوەشیخستەڕوو:" لەو ژمارە کۆڵبەرەی بوونەتە قوربانی، شەش کۆڵبەریان بەهۆی رووداوی سروشتییەوە بوونەتە قوربانی و ٢٨ی دیکە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×